ئاسایشی هەرێم هێڵی سورە!

یەكێك لە سامانە نیشتمانیەكانی (هەرێمی كوردستان) كە نكۆڵی لێ ناكرێت و سازشی لەسەر ناكرێت، بریتیە لەو پێگە سەقامگیرەی كە لەم (ناوچە پڕ لەكێشەیە)دا هەیەتی، ئەو پێگە ئارامەی كە هەمیشە هەرێمی كوردستانی پێ جیاكراوەتەوە لە عێڕاقێكی ئاڵۆز و ناسەقامگیر، ئەم سامانە نیشتیمانیە هەمیشە جێگای شانازی خەڵكی كوردستان و نێردە دیپلۆماسیەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بووە، چونكە لەژێر سایەی ئەم پێگە سەقامگیرەدا نەك تەنها خەڵكی كوردستان، بەڵكو سەدان هەزار ئاوارەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و پارچەكانی تری كوردستانیش حەواونەتەوە، بۆیە ئاسایشی هەرێم بەگشتی و ئاسایشی هەولێری پایتەخت بەتایبەتی هێڵی سورن، نابێت بە هیچ شێوەیەك ڕێگا بە هیچ گروپ و میلیشیایەك بدرێت لە (ژێر هەر ناو و ناونیشانێكدا بن) هەرێم بكەنە گۆڕەپانی ململانێی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی (هاوشێوەی بەغدا).

ئەمە چەند جارێكە هێرشی موشەكی دەكرێتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، ڕوون و ئاشكرایە كەوا ئەم هێرشانە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دراون، بەڵام ئاماژەكان پێمان دەڵێن كەوا هێرشەكەی ئەم جارە ناڕاستەوخۆ لەلایەن پڕۆكزیەكانی ئێرانەوە ئەنجام دراوە، ئەویش بەمەبەستی گەیاندنی كۆمەڵێك پەیام، لەوانە:
1- هەوڵدان بۆ گەیاندنی پەیامێك كە (ھەولێر و كوردستان هاوشێوەی بەغدا و عێڕاق ناسەقامگیرن).
2- ناردنی پەیامێك بۆ (ئیدارەی بایدن) كەوا شیعەكان خوێنی (سولەیمانی و موهەندیس)یان لەبیر نەكردووە.
3- تێركردن و ڕازیگردنی شەقامی شیعە بە مەبەستی (استهلاك المحلی) و ڕیكلامكردن و كۆكردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عێڕاق.
4- تاقیكردنەوەی (ئیدارەی بایدن) تاكو بزانن تا چەند بەرگری لە هەرێم و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریكا دەكات.
5- فشارێكە بۆ ئەمریكا تاكو گەمارووەكانی سەر ئیران ھەڵبگرێت و بگەڕێتەوە ناو ڕێكەوتنی ئەتۆمی (5+1).
6- فشارێكی ئیرانە بۆ سەر هەرێم تاكو لە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دوور بكەوێتەوە، بەمەبەستی تێكدانی ئەم باڵانسەی كەوا هەرێم بە شێوەیەكی هاوسەنگ ڕایگرتووە لە نێوان ئەمریكا و ئێران.
7- پەیامێكی ئێرانە بۆ ئەمریكا كە دەتوانن لە ڕێگای پڕۆكزیەكانیانەوە لە هەموو شوێنێكی عێڕاق هێرش بكاتە سەر بەرژەوەندیەكان و هێزەكانی ئەمریكا، بە تایبەت كە ماوەیەكە لە میدیا جیهانیەكان باس لەوە دەكرێت كە باشترین و سەقامگیرترین و ئارامترین ئەلتەرناتیڤی ئەمریكا لە شوێنی (بەغدا) ڕەنگە هەولێر بێت.

دووبارە بوونەوەی هێرشە موشەكیەكان دەبێت ناچارمان بكات تاكو هەڵوەستیەك بكەین بۆ ئەنجامدانی چوار خاڵی گرنگ:

یەكەم: گرنگە هەرێم بە فەرمی داوا لە ئەمریكا بكات تاكو فشار لە حكومەتی عێڕاق بكات بۆ ئەوەی هێزەكانی حەشد لە سنوری هەرێم دووربخرێنەوە، چونكە لە ساڵی (2017) بە گڵۆپی سەوزی ئەمریكا هێزەكانی حەشد توانیان بێنە سنوری ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێم.

دووەم: گرنگە هەرێم داوا لە ئەمریكا بكات چۆن لە ڕێگای سیستەمی پاتریۆتەوە بنكە و بارەگاكانیان دەپارێزن ئەوهاش (خاك و خەڵكی) هەرێم لە هێرشی نەیارەكانیان بپارێزن، چونكە سەرەكیترین بەهانەی هێرشكردنی ئەم گروپانە بریتییە لە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە هەرێم.

سێهەم: گرنگە هەرێم داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان بكات تاكو فشار لە عێڕاق بكات بۆ جێبەجێكردنی مادەی (140).

چوارەم: لەگەڵ ئەم سێ خاڵەی سەرەوەدا پێویستە سەركردایەتی سیاسی كوردستان پەلە بكات لە پڕۆسەی ڕێكخستنەوە و یەك خستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، بەمەبەستی ئامادەباشی وەرگرتن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەكی سەربازی و ئەمنی بۆ سەر خاك و خەڵكی هەرێمی كوردستان.

كارۆخ خۆشناو

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا