پارتی به‌فه‌رمی حه‌شدی شه‌عبی تۆمه‌تباركرد

پۆڵه‌تیك پرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت “گروپێكی سەرلێشێواوی لە یاسا دەرچوو، لەپەنای حەشدی شه‌عبی و بە ئیمكانات و ئیمتیازات و بەرگی ئەوانەوە هێرشه‌كانی هه‌ولێری ئه‌نجامدا”.

وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا له‌باره‌ی هێرشه‌ موشه‌كییه‌كانی سه‌ر شاری هه‌ولێر ئاشكرایكرد، “ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، وێرای ئیدانەکردنی ئەو كردەوە تیرۆرستیە قێزەونە، داوا لە حكومەتی فیدراڵی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەروشیانەوە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا دەكەین، سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەم كردەوە دوژمنكارانە بەپەلە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەن و لایەنی بەرپرسیار بەگوێرەی یاسا بەسزای پێویست بگەیەندرێت. بەداخەوە ئەم كردەوانە بۆ چەندەمین جارە دووبارە دەبنەوە و لە ئاكامی بەسزا نەگەیاندنیان، تاقمە تێکدەرەکان جورئەتی ئەوە پەیدا دەكەن لەسەر كارە تیرۆریستیەكانیان بەردەوام بن”.

راگەیاندراوێك لە گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

گروپێكی سەرلێشێواوی لە یاسا دەرچوو، لەپەنای حەشدی شعبی و بە ئیمكانات و ئیمتیازات و بەرگی ئەوانەوە، کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی شەوی رابردوو، رێكەوتی ١٥ لەسەر ١٦ـی شوباتی ٢٠٢١، بەمەبەستی تێكدانی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی پایتەختی هەرێمی كوردستان، ترسنۆكانە چەند موشەكێكیان ئاراستەی ناوشاری هەولێر كرد، كە بووە هۆی زیانی مرۆیی و ماددی و، نیگەرانکردنی دانیشتوانی سڤیلی هەولێری هۆلاكۆ بەزێن.

ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، وێرای ئیدانەکردنی ئەو كردەوە تیرۆرستیە قێزەونە، داوا لە حكومەتی فیدراڵی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەروشیانەوە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا دەكەین، سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەم كردەوە دوژمنكارانە بەپەلە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەن و لایەنی بەرپرسیار بەگوێرەی یاسا بەسزای پێویست بگەیەندرێت. بەداخەوە ئەم كردەوانە بۆ چەندەمین جارە دووبارە دەبنەوە و لە ئاكامی بەسزا نەگەیاندنیان، تاقمە تێکدەرەکان جورئەتی ئەوە پەیدا دەكەن لەسەر كارە تیرۆریستیەكانیان بەردەوام بن.

شاراوەنیە و بەڕوونی دەزانین کە عەقلیەتی ئەم جۆرە تاقمە فاشیست و دوور لە هزری سەردەمیانە، چاویان بە پێشكەوتن و ئارامی و خۆش ژیانی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان هەڵنایە و، پێیان قبوڵ ناكرێ‌ پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە كوردستان هەبێت و بەدەست لەپشت دراوی وەكو ئەڵقە لە گوێ‌ ئەوەی پێیان دەگوترێ‌ جێبەجێی دەكەن!..

هەموولایەك ئاگاداردەكەینەوە کە بەردەوامیدان بەم شێوە مامەڵەكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، ئاكامی باشی نابێت و عێراق چەندە ناسەقامگیر و لە هەموو بوارەكاندا توشی ئاڵۆزی و تەنگەژە بووە، ئەم كردەوە تیرۆریستیانە زیاتر لە ناسەقامگیری و نائارامی دا نوقمی دەكەن.

سەرەڕای پشتیوانی تەواومان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و تەواوی دام و دەزگا بەرگری و ئەمنییەكان، رایدەگەیەنین کە تەواوی سەركردایەتی و كادیر و ئەندامانمان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و پایتەختی هەرێم وەك چۆن لە رابردوو شورەی پۆڵاین بووین لەمەودواش لەسەر هەمان رێباز و باوەڕ پارێزگاری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و حكومەت و دانیشتوانەكەی دەكەین.

مەحمود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
١٦ـی شوباتی ٢٠٢١

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا