وەزارەتی ناوخۆ شوێنی ئاراستەکردنی موشەکەکانی ئاشکراکرد

پۆڵەتیک پرێس

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، دەزگاکانی دژە تیرۆر و ئاسایش و پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کردووە لەبارەی رووداوەکەی شەوی رابردووی فڕۆکەخانەی هەولێر و شوێنی ئەو ئۆتۆمبێلەیان دۆزیوەتەوە کە موشەکەکانی لێئاراستەکراوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، دەزگاکانی دژە تیرۆر و ئاسایش و پۆلیس شوێنی ئەو ئوتومبێلەیان دۆزیوەتەوە کە موشەکەکانی لێئاراستەکراوە و ئوتومبێلەکە جۆری (کیا)یە و لە رێگەی نێوان هەولێر و گوێڕ دۆزراوەتەوە.

ئەوەش هاتووە، هەمان شێواز و تەکنیک کە لە هێرشی پێشووی سەر فرۆکەخانەی هەولێر بەکار هاتبوو، لە هێرشی شەوی رابردووش دووبارە بووەتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەس و لایەنانەی لەپشت هێرشەکەوەن و خەڵکی شاری هەولێر و هەرێمی کوردستانیش دڵنیادەکەینەوە، ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بە سزای خۆیان دەگەیەنرێن.

شەوی دوشەممە 15ی شوباتی 2021 سەعات 9:30 خولەک چەند موشەکێک ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و چەند گەڕەکێکی شارەکە کران و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و پێنجی دیکەش بریندار بوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا