ماسۆشییەكان لەكاتی مووشەكبارانی ھەولێردا

ماوەیەك لەمەوبەر تووشی ڕەخنەی زۆر بووم لەسەر ئەوەی وتم كورد میللەتێكی سادیی و ماسۆشیی و نێرجسییە.

بەتایبەتی سادیی و ماسۆشی لە نێو ئێگۆ-ی كوردا ململانێیەتی كامیان ئازا تر ئەوی دیكە بدا بەزەویدا. بەڵام مووشەكبارانەكەی ھەولێر سەلمێنەری ئەم ڕاستییە بوو. كە ئینسانی كورد تەواو ماسۆشییە.

ماسۆشیەتی كورد بگاتە ڕادەیەك كە دڵخۆش بیت بە موشەكبارانكردنی شارێك كە بەشێك بێت لە نەتەوەكەی خۆت. سەیرە ئینسان ئەوەندە ماسۆشی بێت چێژ لەو موشەكبارانە ببینێت.

سەرگەردانی ماسۆشییەكان لەوایە كە ھەولێر و دھۆك بە مولكی حزبێك بزانیت و تەواوی ژیانی ئینسانی كورد بكەیتە دەرەوەی خانەی ھاوونیشتمانیێتی ئەو بوقعەیەی پێی ئەوترێت كوردستان.

لە ھەمان دیدەوە سلێمانی و گەرمیان بە موڵكی حزبێكی دیكە بزانیت و پێتوایە ئەبێت كارەكتەرەكان و ھاووڵاتییە ئازادەكانی نێو ئەم دوو دەڤەرە ھەم ماسۆشیزم بن و ھەم سادیزم بن.

ڕەھەندە سیاسییەكەی جێدێڵم بۆ خەڵكی خۆی، بەڵام ڕەھەندی مرۆیی پێمان ئەڵێت؛ ئینسان نابێت ھێندە ماسۆشی بێت چێژ لە ئازاری خۆی ببینێت. كە ئەمەش بەشێكە لەو نەخۆشییە دەروونییە كوشندەیەی بە درێژایی مێژوو كورد پێوەی ناڵاندویەتی.

كەسە ماسۆشییەكان ئەبێت لەوە بگەن ھەموومان بەشێك نین لەو ململانێ سیاسییەی حزبەكان، ھەموومان بەشێك نین لەو نایەكسانییەی كە حزبی كوردی لە دنیای ئێمەدا نەخشاندویەتی. ھەموومان بار و بارگەمان لەناو باڵەخانەی حزبی كوردیدا دانەناوە. ھەموومان شێت و شەیدای ئاپارتمانی دەستی حزبی كوردی نین، ھەموومان نەبوین بە ھەواڵگری ئیتڵاعات و میت. بەڵام ھەموومان بەشێكین لە نەتەوەیەكی زۆڵم لێكراو بە درێژایی مێژوو جا ئیدی زۆڵمی ناوخۆیی بێت یان دەرەكی. فارس بێت یان تورك و عەرەب.

ماسۆشی واتە چێژوەرگرتن لەئازاردانی خۆت.
سادی واتە چێژوەرگرتن لەئازاردانی بەرامبەر.
نێرجسی واتە عەشقی خۆت بیت كە ھەندێك پێیان وایە خۆپەرستی بەشێكە لە نێرجسیەت.

لوقمان غەفوور

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا