رۆژئاوای کوردستان بوونی لێکتێگەیشتن لەگەڵ دیمەشق رەتدەکاتەوە

پۆڵەتیک پرێس

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی سوریای دیموکرات “مەسەدە” رەتیکردەوە هیچ لێکتێگەیشتنێکی سەرەتاییان لەگەڵ حکومەتی سوریا هەبێت.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا میدیاکانی سوریا بڵاویانکردەوە، زنجیرەیەک چاوپێکەوتن لەنێوان شاندی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا و حکومەتی سوریا لە دیمەشق کراوە و هەردوو لایەن گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی سەرەتایی لەبارەی دۆسیە ئەمنی، سەربازی، ئابوری و سیاسییەکان.

ئەو سەرچاوەیەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی سوریا هەتا ئێستا لەبارەی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری جددی نییە، سەرباری ئەوەی ئێمە هەمیشە پێشوازی لەو دانوستانانە دەکەین کە خزمەت بە گەلی سوریا دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم جۆرە هەواڵانە لە چوارچێوەی ئەو پڕوپاگەندانەدا دێت کە لەلایەن رژێمی سوریاوە بەر لە هەڵبژاردنەکان بڵاودەکرێنەوە.

رۆژی هەینی ئەلێکساندەر ئێفیمۆڤ باڵیۆزی روسیا لە دیمەشق رایگەیاند، کوردەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی سوریا، وتیشی: روسیا پاڵپشتی هەموو گفتوگۆ و کۆبوونەوەیەکی  نێوان کوردەکان و سورییەکان دەکات، بەتایبەتی لەبارەی بنیادنانی وڵاتێکی هاوبەش بۆ هەردوو پێکهاتەکە.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ئیدارەی خۆسەری کوردانی رۆژئاوا و حکومەتی سوریا چەندین دانوستانیان کرد کە زۆربەیان بە سەرپەرشتی روسیا کران، بەڵام هیچ کام لەو دانوستانانە ئەنجامیان نەبوو.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک