پۆڵەتیك پرێس
حەشدی شەعبی لەبارەی تۆمەتباركردنیان بەهەڵدانی ئەو موشەكانەی ئاڕاستەی سنوری پارێزگای هەولێر و كراون وەڵامدەدەنەوە و بەرپرسێكی حەشد دەڵێت، “چاوەڕوانی بڕیاری سەركردایەتی حزبەكەمانین”.
عەلی حوسێنی وتەبێژی میحوەری باكوری عێراقی حەشدی شەعبی بە پۆڵەتیك پرێسی رایگەیاند، ئەو تۆمەتانە رەتدەكەنەوە كە گوایە ئەوان هێرشیان كردوەتە سەر هەولێر، “هیچ زانیاریـیەكمان لەسەر هەڵدانی ئەو موشەكانە نییە و بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بە ئێمەوە نییە”.
وتیشی”دادگا هەیە، هەركەسێك ئێمە تۆمەتباردەكات دەتوانێت سكاڵا تۆماربكات، ئەمەش یەكەمجار نییە حەشدی شەعبی تۆمەتبار دەكرێت بە رووداوی لەوشێوەیە، هۆكارەكەشی تەنها ئەوەیە دەیانەوێت حەشد لەناوبەرن، بەڵام ئەوجۆرە تۆمەتانە ساردمان ناكاتەوە و بەردەوم دەبین”.
ئاماژەی بەوەشكرد، چاوەڕوانی هەڵوێستی سەركردایەتی حەشدی شەعبی دەكەن، بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵیان.
شەوی دووشەممە چەند مووشەكێك ئاڕاستەی هەولێر كران، دووان لە موشەكەكان لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێرو دوان لە موشەكەكانی دیكەش ئاڕاستەی بنكەیەكی ئەمریكاكران، هاوكات یەكێكی دیكەیان لە گەڕەكی ناز سیتی كەوتوەتە خوارەوە.
دوای چەند كاتژمێرێكیش میلیشیای سەرایای ئەولیای دەم كە گروپێكی میلیشیایی سەر بەئێرانن بەرپرسیارێتی خۆی لە رووداوەكە راگەیاند.