توركیا، عێراق، ئێران، ئەمریكا!

توركیا هێرشەكەی بۆ سەر گارە وەستاند، دیارە نیازی هێرشەكەی بۆ شەنگالیش وەستاندەوە. دەڵێن كازمی پەیوەندی تەلەفونی بە هاكان فیدانەوە كردوە، ئەم پەیوەندییە هەرچەندە لە ڕوی دیپلۆماسییەوە شیاونیە، چونكە چۆن دەبێت سەرۆك وەزیران لە گەڵ بەرپرسی دەزگای سیخوڕی وڵاتێكی تردا قسە بكات، بەڵام، كازمی ئەمەشی لە گەڵ بەرپرسێكی لوبنانیدا كرد.

بەڵام سەرباری شیاوی و نەشیاوی پەیوەندییەك دەرخەری چەند خەسڵەتێكە: یەكەم، ناسراوی هەردوولا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەی كە كازمی سەرۆكی دەزگای سیخوڕی عێراقی بوو. دووەم، ئەمە دەرخەری ئەوەیە كە پەیوەندییەكە زیاتر نافەرمیە، هەروەها زیاتر وەك داواكارییەكی هاوڕێیانە دەردەكەوێت لە بڕی هەڵوێستی فەرمی وڵاتێك. سێیەم، كازمی ڕەنگە ئەمەی لە ژێر فشاری حەشدا كردبێت. چونكە ئێران ڕازی نیە تورك بێنە سەر ڕێگای بۆ سوریا و لوبنان. چوارهەم، هەرچەندە هاتنی تورك بۆ دەوروبەری موسڵ پلانێكی ستراتیژی ئەردۆگانە بە هاوكاری دۆستە لۆكاڵیەكانی، بەڵام ئەم پلانە درێژخایەنە جارجارێك بۆ ئامانجی ناوەكیش بەكاردێت. ئەم ڕۆژانە جان دوندارد، ڕۆژنامەنوسی ناسراوی تورك لە دیدارێكیدا لە گەڵ ناوەندی لێكۆڵینەوەی توركی لە لەندەن، ئاماژەی بەو هەوڵانەی ئەردۆگاندا بۆ لابردنی سەرنج لە سەر كێشە زۆرەكانی ناو توركیا، بۆ نمونە پلاندانان بۆ چون بۆ سەر مانگ. بەشێك لە هێرش بۆ سەر گارە و پلان بۆ هێرش بۆ شەنگال لە ئێستادا ڕەهەندی ناوەكی هەیە. هەروەها ڕازیكردنی مەیلی دەنگدەرانی مەهەپە. بەڵام بەشێكە لە پلانێكی درێژخایەن بۆ دەست بە سەراگرتنی موسڵ و كەركوك و كاریگەریدانان لە سەر عێراق.

هەڵوێستی ئەمریكا ئاڵۆزبوو. باڵوێزخانەی ئەمریكی لە ئەنكەرە سەرەخۆشی لە توركیا كرد بۆ كوژرانی سەربازەكانی. ئەمە لە كاتێكدایە كە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات لە خراپترین ئاستیدایە. هەموو ڕوداو و لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بە ئەوە ئەدەن كە ئەگەری خراپتربون هەیە، باشتر نیە. چونكە توركیا وەها ئەمریكا دەبینێت كە نەیارە و هەروەها دەسەڵاتی ڕوو لە لاوازییە. بەڵام هەتا ئێستا ئەمریكا بە هیوای ئەوەیە كە ئەگەر دژایەتی پەكەكە بكات، ئەوا بۆ توركیای دەسەلمێنێت كە پەیوەندی ئەو لە گەڵ یەپەگەدا پەیوەندی نیە لە گەڵ پەكەكەدا. ئەم مامەڵەی ئەمریكا هەڵەیە، چونكە تورك، كاتێك بۆ پڕوپاگەندە دەڵێن ئەوان تەنها دژی پەكەكەن، ڕاستیەكەی ئەوەیە كە دژ بە هەموو كوردن، بەڵام لە میانەی ئیدارەدانی كورددا پشتیوانی لایەك دەكەن دژ بە لایەكی تر. ئەمە بۆ پارتیش ڕاستە. ئەم هاوكێشەیە بۆ عێراق و یەكێتیش ڕاستە. بۆ ئەمریكا زۆر بە سودترە و كاریگەرترە ئەگەر لە هاوكێشەی تیرۆر بێتە دەرەوە لە پەیوەندی لە گەڵ پرسی كورد لە توركیا. ئەمە بۆ ئەمریكاش بە سود دەبێت و بۆ كوردیش و بۆ توركیاش.

نازانم كەی كورد بە ئاگا دەبێتەوە لە ململانێ گەورەكان و چۆن ئەم ململانێیانە لە سەر خاك و وزە و جەستەی ئەو دەكرێت؟؟؟؟ كۆمەڵێك بنەمای مێژویی هەیە، كە خۆی لە مامەڵەی ئیمپراتۆریەتدا دەبینێتەوە لە گەڵ پەراوێزیدا. ئەمە شەڕی هێزەكانە لە پەراوێزدا لە گەڵ یەكتردا، بە ئەوانیتر.

سەردار عەزیز

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا