ڕەخنەی ڕەخنە

نووسینی: هەرێم عومسمان

ڕەخنە لە یۆنانی کۆنەوە کە بە کریتیک Kritike هاتووە، مانای جیاکردنەوە و شیکردنەوە، هەروەها بڕیاردان و هەڵسەنگاندن دەگەیەنێت. تێکست خۆی لە خۆیدا پێکهاتەیەکی سادەیە. سادەیە لە خۆیدا کە شیدەکەینەوە بۆ بەشەکانی، لە سادەیی دەریدەکەین، چونکە بینینی تێکست وەک گشتێک ڕەنگە بواری گشتبینی تێکستەکەمان نەداتێ، بەڵام کاتێک ورد دەبینەوە بۆ ئەوەی بەشەکانی ببینین، ئەوکات بواری بینینەکەمان لە بەشەکاندا فراوان دەبێت. ئەمە پرۆسەی بە گشتکردنی بەشەکانە، بەڵام پێویستە ڕەخنەگر لە هزریدا جارێکی دیکە بەشە گشتەکان وەک گشتی بەشەکان لە یەکبداتەوە تاوەکو وێنەیەکی یەکێتی تێکستەکە بنەخشێنێت. بنەمای شیرکردنەوەی تێکست سەرەتا لەسەر تێگەیشتن وەستاوە، پاش تێگەیشتن شیکردنەوە و ئەوکات ڕاڤەکردن[کە گشتی کردنەوەی بەشەکانە] دێتەئاراوە، لە ڕاڤەکردنیشدا ڕەخنەگر هەڵسەنگاندن و بڕیار لەسەر تێکست دەدات. ڕەخنە گشتبێژی کۆمەڵێک وشەی سواوی دووبارە نیە، کە ڕەخنەنووس بە جوانی و ناشیرینی، چاکی و بەسوودی، بێ شیکارییەکی ورد و وەڵامدانەوەی بۆچییەکانی تێکست بیخاتەڕوو. ڕەخنە بەرجەستەکردنێکی زەینی تێکستە لە هزری ڕەخنەنووسدا. ڕەخنە تێکستناسیی و ژیانکردنە لەگەڵ تێکستدا، ئەمەش بە مانای نەبینینی خەوشەکانی تێکست نیە.

لە ناسیندا تێکست خۆی بۆ خوێنەر دەردەخات، ڕەخنەگریش کە خوێنەری تێکستە هەڵوێستی تێگەیشتنئامێز لەو دەرکەوتن و دەرخستنەی تێکست دەگرێت. بێگومان زەمینەی دەرخستن و دەرکەوتنی تێکستیش لەسەر ئەو دۆخە دەوەستێت کە ڕەخنەنووس بۆ تێکستی دەڕەخسێنێت هاوکات لەسەر ئەوەش دەوەستێت کە ئەو تێکستە لە چ زەمینەیەکدا خۆی دەردەخات، هەر تێکستەو زەمینەی دەرکەوتنی خۆی هەیە، پێویستیش دەکات زەمینەی دەرخستنی تێکست بۆ خوێنەر ڕۆشن بێت و هەماهەنگ بێت بە زەمینەی دەرکەوتنی تێکست، بە واتایەکی دیکە ڕەخنەگر لەلایەک دەبێت زەمینە بۆ دەرکەوتنی تێکست بخاتەسەرپشت، هاوکات زەمینەش بۆ دەرخستنی بکاتەوە، ئەم دوو زەمینەیە[دەرکەوتن و دەرخستن] دەبێت هەماهەنگ بن بە یەکدی، ناکرێت ڕەخنەنووس لە ئاوازێک بخوێنێ و تێکست بە ئاوازێکی دی. یەکێک لە زەمینەکانی دەرکەوتنی تێکست ئازادییە، دەبێت تێکست ئازادبکرێت لە دەرەوەی خۆی، دەبێت تێکست خۆی بێت، بە شتگەلی دەرەوەی خۆی نەپێورێت، ناکرێت تێکست بخرێتە ناو چوارچێوەی لێکچوون و بەراوردکارییەکانەوە، کە ئەم تێکستە مناڵی فڵان باوکەو لەو دەچێت[ئەمە دەکرێت دواتر کاری لەسەر بکرێت]. لەو زەمینەیەدا دەبێت تێکست بهێنینە قسە خۆی بدوێت بۆمان، نەک ڕەخنەنووس بدێت بەناوی ئەوەوە، ئەمەش وتنەوەی تێکست نیە، بەوەی ببینە گێڕەرەوەی تێکست، بەڵکو دەبێت ببینە وتنی ئەو بیستنەی لە دەنگی تێکستەوە دێتەدەرێ، واتە ئێمە ببینە زەمینەی وتنی تێکست، خۆمان بکەینە زەمینەی دەرکەوتنی تێکست، بۆ ئەوەی تێکست دەربخەین دەبێت ڕەخنەنووسیش ئازادبێت، واتە چۆن تێکست ئازاد دەبێت، ئاواش دەبێت ڕەخنەنووسیش ئازادبێت تا تێکست بۆی دەربکەوێت، چونکە ئازادی لە ئازاددا دەردەکەوێت، گەر بیرکردنەوەمان بارگاوی بێت بە کۆمەڵێک پێشمەرج لەسەر تێکست، ئازاد نەبین لەو پێشمەرجانە ئەوا تێکستیش زەمینەی ئازادی بۆ ناڕەخسێت تا دەربکەوێت. کاتێک ڕەخنەنووس لەسەرەتاوە بڕیاریداوە و بە نیەتی هەڵوەشاندنەوە و تەختکردنی تێکست هەنگاوی ناوە، ئاوا تێکست هیچی بۆ وتن نابێت، ئەوەی دەڵێت دەنگێکە لە دەرەوەی تێکست لەسەر تێکست قسە دەکات. تێکست ئەگەر تێکست نەبێت یاخود زڕە تێکست و ساختە و هیچ لەبارا نەبوو بێت، ئەوا لە وتنەکەیدا بۆ ڕەخنەنووس پوچێتی خۆی دەردەخات، ئەوکات ڕەخنەنووسیش لە دەرەوەی تێکست قسە لەسەر تێکست ناکات، هاوکات کینەبازی و کەسێتی نمایشی ناکات، ناکرێت ڕەخنەنووس ببێت بە بار بەسەر تێکستەوە، بەڵکو دەبێت خۆی بکات بە زەمینەی دەرکەوتنی تێکست. ئەمە مامەڵەیەکی ئۆنتۆلۆجییە لەگەڵ تێکست، واتە تێکست بوونەوەرێکی زیندووە، دەنگێکە، ڕەخنەنووس دەبێتە بیستەنی ئەو دەنگە تا چی گوێلێدەبێت بیڵێت، ئەگەر تێکست نازیندوو یان ساختە بێت ئاوا بە زۆرلێکردن ڕەسەن و زیندوو نابێت. کەواتە ئەو بوار و زەمینەیەی ڕەخنەی تێدا دەخوڵقێت ئازادییە، ڕاستیش بەبێ ئازادی دەرناکەوێت.

ئەم ڕێگەیەی پێمانوایە تێکست بوونی خۆی تیا دەردەخات، ڕێگای تێکست خۆیەتی، واتە دەرەوە ناکەین بە گژی تێکستدا، بەڵکو لە تێکست خۆیەوە هەنگاو دەنێین، لەنێویدا دەژین، لە دەرەوەی تێکستەوە ناگەڕێینەوە بۆ ناو تێکست، مەبەست لەم مامەڵەیەش میتۆدی بونیادگەریانە هەڵسوکەوتکردن نیە لەگەڵ تێکست کە تێکست بە سەربەخۆ و دابڕاو دەبینێت، ئەمەمان بەلاوە گرنگە، بەڵام تەنیاخستن و بێ کەسکردنی تێکست وا دەکات تێکست لەسەرەتاوە بواری ئازادانە دەرکەوتنی لێ وەرگرینەوە، ناکرێت مەرجەکانی خۆمان بەسەر تێکستدا بسەپێنین، دەبێت تێکست ئازاد بکەین خۆی چۆنە ئاوا بدوێت، خۆدوانی تێکست لەسەر ئەو زەمینە و بوارە دەوەستێت خوێنەر بۆی دەڕەخسێنێت.

ڕەخنەگری ئێمە بەهۆی دوورییان لە بیرکردنەوەی فەلسەفییەوە تا ئێستا ناتوانن جیاوازی بکەن لەنێوان ئەوەی تێکست خۆی دەیڵێت-خۆی بدوێت-، لەگەڵ ئەوەی بە تێکستی دەدەین و بەناوی تێکستەوە دەدوێین، ئەگەر شتێک بە ناوی ڕەخنەوە هەبێت ئاوا زۆرتر دەچێتە ناو ئەو ڕەخنەیەی پێی دەوترێت پێدان و لە ملکردن، بەخشینەوە، نەک دەرکەوتنی ڕاستی، بەڵکو بەخشین و لە ملکردنی کۆمەڵێک ئایدیا و بیرۆکەن کە من پێم باش، خۆش و چاکە تێکست وا بڵێت، یاخود وا لە تێکست دەکەم بەو جۆرە بدوێت کە من دەمەوێت، کاتێکیش تێکست ناچاری یەک زمان و تێگەیشتن و بیرکردنەوە دەکەین، ئەوا تێکست زۆرکات بێدەنگ و ملکەچ دەکەین، چونکە دەشێت خۆی لەو تێکستانە بێت کە تێکست نیە و مەیلی ملکەچی دەکات یاخی و سرک نییە، یاخود ئەوەتا کاتێکی نەدۆزیوەتەوە تیا ئازادبێت و چاوێکی ئازادیشی نەدیوە ئازادی ببینێت، ئازادی بکات. ئەگەر نموونەی گۆرانی شاعیر وەربگرین، شتێکی سەرنجڕاکێش و خۆشدەبێت، ئەو شاعیرە جێگەی بەزەییە، بۆ؟ کەوتۆتە نێوان چەند ڕوانین و بەرەی جیاوازەوە، هەندێک گۆران بە جوانیساز و جوانبینێکی سروشت و دنیای جوانی دادەنێن و شاعیربوونیشی لێرەدا دەردەخەن، لێرەشەوە ئایدیۆلۆجیبوون و چەپبوونی گۆران بۆ برا چەپەکان ئیلهامێکی گەورەی سەرکەوتن و داهێنانی جوانیە، شیعریش ئەو شیعرەیە دێتە نێو ماڵە گەورەکەی ئایدۆلۆجیەوە. شیعرەکانی گۆران لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا ونبوون، ونبوونەکەش بەشێکی پەیوەندی بە تێکستەکان خۆیانەوە هەبووە کە وێڵ و سەرلێشێواوبوون، وەلێ بەشێکیشی پەیوەندی بەو سەپاندن و وا ویستن و وابینینەوە هەبووە کە بەناو ڕەخنەنووسان دەیانوویست. ئەوەی جێگەی سەرنجە پاش ماوەیەکی کەم بەرەیەکی دیکە دروستبوون وەک ئەوەی نێوەندگیری نێوان ئەم دوانە بکەن، شیعرەکانی گۆرانیان وا لێکدایەوە کە نە تەواو سیاسییە نە ئیستاتیکی، بەڵکو لەنێوا هەردوکیاندا گۆران هەماهەنگی سازکردووە، واتە شیعرەکانی ئیستاتیکایەکی ئایدۆلۆجین، گۆران کە باسی جوانی سروشت دەکات، سیاسیی و نەتەوەیانە باسیدەکات، کە باسی چاوکاڵ دەکات، گرێیدەداتەوە بە بیرکردنەوەی چەپخوازیی و خەباتەوە :

باخچەی پاشا لەوبەر ئاوە،

خێڵی دوژمن دەورەی داوە

ئەڕۆم ڕێگام لێگیراوە

ناڕۆم چاوکاڵ لێم تۆراوە .

ئەم جۆرە مامەڵەکردنە لەگەڵ تێکست و شیعردا بەردەوام ڕوویەکی تێکست دەردەخات، بەڵام بوونی تێکست دەپۆشێت، چونکە بوار بە تێکست خۆی نادرێت خۆی دەرخات، ڕەخنەنووس و ئایدیۆلۆجی بەخشەرەوەکان پێیان باشە بەو جۆرە تێکست دەرکەوێت، ئەوان وەک گسکی کارەبا وان دێن هەرچی لەدەرەوە بێت هەڵیدەمژن بۆ خۆیان، تێکستی ڕاستەقینە بەرگری دەکات و لە کاتێکدا خۆی ڕادەپسکێنێت، بەڵام زۆر تێکستیش هەن بۆ ئەوە نووسراون لەو شوێنەدا بن، بۆیە شوێنی خۆیان دەدۆزنەوە .

لەنێو ڕەخنە هەندێک دیوی ئاڵۆز و پێچاو پێج هەیە، بۆ نمونە هەندێک ڕەخنەنووسمان هەن، واقیعییانە مامەڵە لەگەڵ تێکستدا دەکەن و بوونەتە جۆرێک لە ئاوێنە، واتە تەنیا ڕووکاری دەرەوەی تێکست، جەستەی تێکست نیشاندەدەنەوە. هەندێکی دیکە مامەڵەیەکی بەشەکی لەگەڵ دەکەن، پارچە و لەتێکی تێکست دەگرێت، یاخود لە دیوانێکدا چەند شیعری دەگرێت و بڕیار لەسەر کۆی شیعری شاعیر دەدات یاخود لە ڕێگەی بەشێکی تێکستەکەوە گشت تێکستەکە هەڵدەسەنگێنێت. وێڕای ئەوەی ڕەخنەنووسی وامان هەن، لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی خۆیاندا چییان پێخۆشبێت دەیدەنە پاڵ تێکست و تێکستیش ملکەچی خەیاڵەکانی خۆیان دەکەن. هاوکات هەندێک ڕەخنەنووسیش هەن بەپێی بەرژەوەندی و دۆخی واقیعی بڕیار لەسەر تێکستەکان دەدەن و تێکست وا لێدەکەن بۆ بەری واقیعەکە بشێت، ئەگەر دۆخی سەرمایەداریە ئەوا تێکست دەگونجێنن لەگەڵ سەرمایەداری، ئەگەر سەردەمی چەپگەراییە دەبێت تێکست بە زمانە قسە بکات، واتە بەپێی زمانی واقیعەکە تێکست دەهێننە گۆ و قسەی پێدەکەن. بەشی زۆری ئەم هەوڵانەی بەناو ڕەخنەنووسەکان ترسە، ترسە لە وا دەرنەچوون، لە لێکنەچوون، جیاوازبوون، وەک یەکنەبوون، ترسە لەوەی ڕاستی تێکست دەربکەوێت و ئەوە نیشانبدات کە من پۆشیومە. هەندێک لەو ڕەخنەنووسانە لە بیرکردنەوەی فەلسەفی سڵدەکەنەوە و بە دوور لە واقیع و بەرزنشینی دەیبینن، دەڵێن تێکستی ئێمە واقیعیە و فەلسەفەش ناتوانێت واقیع ببینێت،

لێرەدا ڕەخنە ئاراستەی نووسەر یان تێکستێک ناکەین، بەڵکو ڕەخنە ئاراستە بونیادی هزری، کەلتوور و ڕۆشنبیریی ئەو تێکست و نووسەرانە دەکەین کە لەسەری وەستاون. بونیادی ڕۆشنبیری کورد فشەڵ و بازاڕییە، زۆر کەم ئارامی و تەحەمولی جیاوازی دەکات. کەلتووری کوردیش زۆرتر ئارەزوویی پێکەوەیی و لە پشت یەکدی وەستانی هەیە، کەلتوورێکە دۆست و دوژمن ئاسا بیردەکاتەوە، لەگەڵمی یان دژمیت، ئەم کەلتوورە کە فرەیی نازانێت و دونیا بۆ ڕەش و سپی دابەشدەکات، بووەتە بناخەیەکی پتەو بۆ عەقڵ و هزری نووسەرانی نێو ئەم کەلتوورە، لە زۆرێک لە دیدی نووسەرانی ئەم بوارەدا بیرکردنەوە لە ڕەخنە لە بونیادنەر و ڕووخێنەدا خۆی دەنوێنێت. ڕەخنە وەک شتێکی دەرەکی و بێگانە دەبینێت، کە دوژمنە، دەنا نامڕوخێنێت و بونیادنەرانە و دۆستانە ڕەخنە دەگرێت، لەبەرئەوە ڕەخنەگران ئەوانەن کە لە دنیای دەرەوە دێن، غەریب و نامۆن. توانای دەرکەوتنی ڕەخنە لە ڕۆشنبیری کوردیدا لاواز و کورتبینە، ڕەخنە لەم کەشەدا ناتوانێت گوڵ بکات، چونکە ڕەخنەگرو ڕەخنەلێگیراو لەنێو پەیمانێکدان کە تا ئەبەد دژی یەکبن، تێکست پیرۆز کراوە، نووسەر پیرۆز دەکرێت، ناتوانرێت سنوورەکانیان ببڕین، ناتوانین لێیان تێبگەین، تەنیا دەتوانین بە خستنەڕووی کۆمەڵێک ستایش و وشەڕیزکردن دڵنیایی لە خستنەڕووی ڕەخنە بدەین. بە واتایەکی دیکە ڕەخنە بۆ ئەوە هەیە تا ڕەخنە بشارێتەوە. چونکە وەرگر و بدەری ڕەخنە دۆستایەتی و هاوڕێیەتی خۆیان خۆشدەوێت، ڕەخنەش ئەو دوژمنەیە دۆستایەتیان دەشێوێنێت. ئەم ڕقبوونەوەیە لە ڕەخنە بە بێدەنگی و ڕێککەوتنێکی شەرمئاوەردا براوە، کە هەندێکجار لێلادان لێی ئاکامەی دەرخستووە، کە چۆن دۆستی سی ساڵەی لە یەک دوورخستۆتەوە، نەک هەر ئەوە بەڵکو لەسەر لاپەڕەکانی ڕۆژنامە دامێنی یەکتریان بەرداوەتەوە. ڕەخنە لە کەلتوور، زمان و بیرکردنەوەی مرۆڤی کورددا واتە عەیبگرتن، نیشاندانی کەموکورتی ئەویتر، واتە ئەو پەڵەو لەکەیەی هەیە نیشانیدەدەین و زەقی دەکەینەوە. ئەمەش لای ڕەخنەلێگیراو ناهەقیە، چونکە ڕەخنەگر ئەو هەموو جوانیە تەنیا ناشیرینی دەبینێت، تەنیا بەشی بەتاڵی لێوانەکە دەبینێت، ڕەخنەگر وەک دوژمن لە کەمیندا دانیشتووە، بەس بۆ ئەوەی شتە بچوکەکانیش گەورەبکات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا