چنگی هەڵۆی 2.. ئەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیای لەڕووی مەعنەوییەوە شکاند

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

ئۆپەراسیۆنی “چنگی هەڵۆ 2″ی سەربازی کە رۆژی چوارشەممە لەلایەن تورکیاوە دژی پەکەکە لە باشوری کوردستان دەستیپێکرد، بە لێدانێکی مەعنەوی بەهێز بۆسەر تورکیا کۆتاییپێهات، کاتێک زیانێکی زۆری گیانی و ماددی بەر هێزەکانیان کەوت.

لەوبارەیەوە لێدوانەکەی خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا گومانێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا کاتێک رایگەیاند، دەستیانگەیشتووە بە 13 تەرمی تورکی کە پێشتر رفێندراون و لە ئەشکەوتێکدا کوژراون، ئەم قسەیەی خوڵوسی ئاکار چەندین پرسیاری بەدوای خۆیدا هێنا لەوانەش: چۆن ئەم کەسە مەدەنییانەی تورکیا گەیشتوونەتە ناوچەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە مەترسیدارەکە؟

بەشێک لە چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو کەسانەی بە مردوویی دۆزراونەتەوە، یان لە ناوچەکانی تورکیاوە رفێندراون و لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە براونەتە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکە و خۆیان کوشتویانن، تا دواتر کوشتنیان بخەنە ئۆباڵی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە”، یان ئەوەتا ئەو چەند کەسە کوژراوە سەر بە دەزگای هەواڵگری تورکیا بوون و لەو ناوچانە دژی پەکەکە جەنگاون و ئێستا دەسەڵاتدارانی تورکیا دەیانەوێت بەم سەرلێشێواندنانە بێتاوانییان بسەلمێنن لەوەی رۆڵیان هەبووبێت لە پێدانی زانیاری هەواڵگری، بەتایبەت لەدوای ئەوەی رەتیانکردەوە ناسنامەکانیان ئاشکرا بکەن.

پێدەچێت تورکیا بەمەبەستی شێواندنی ناو و ناوبانگی پەکەکە ئەم پلانەی گێڕابیت

بەپێی قسەی چاودێران، پێدەچێت تورکیا بەمەبەستی شێواندنی ناو و ناوبانگی پەکەکە ئەم پلانەی گێڕابیت تا ئەو پەیامە بە جیهان بگەیەنێت کە گوایە پارتی کرێکارانی کوردستان کەسانی مەدەنی دەکەنە ئامانج و دەیانکوژن دەدەن.

لەلایەکی دیکەوە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا جەخت لەوەدەکەنەوە کە پێویستە دەسەڵاتدارانی تورک پاساوی لۆجیکیان پێبێت لەبارەی کوژرانی ئەو 13 کەسە مەدەنییە و چۆنییەتی گەیشتنیان بۆ ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکە، یاخود ئەگەر لەحاڵەتێکیشدا لەلایەن پەکەکەوە کوژرابن دەبێت بەڵگەی لۆجیکی بدات لەبارەی چۆنییەتی گەیشتنیان بەدەستی پەکەکە.

لەلایەکی دیکەوە پەکەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەشێک لەو دیلانەی لە ناوچەکەدا بوون، ئەندامانی هەواڵگری و پۆلیس و سوپای تورکیایان تێدابووە، لەلایەکی دیکەشەوە، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، ناسنامەی نۆ لە کوژراوەکانی ئەشکەوتەکە ناسراوەتەوە و لەنێویاندا ئەندامانی هەواڵگری و سوپا و پۆلیسی تورکیا هەبووە.

ناسنامەی نۆ لە کوژراوەکانی ئەشکەوتەکە ناسراوەتەوە و لەنێویاندا ئەندامانی هەواڵگری و سوپا و پۆلیسی تورکیا هەبووە

هەتا ئێستا ناسنامەی ئەو لاشە کوژراوانەی تورکیا بۆ رای گشتی رانەگەیەندراوە، خوڵوسی ئاکار ئاماژەی بەوەکرد، “ناسنامەی ئەو کەسانە بەهۆکاری ئەمنی ئاشکرا نەکراوە”، ئەمەش گومانەکانی زیاتر کرد لەبارەی رۆڵ و ئەرکی ئەو کەسانە لەڕووی ئەمنی و هەواڵگرییەوە لە ناوچەی پێکدادانی تورکیا و پەکەکە، پێدەچێت تورکیا لەپێناو دوورخستنەوەی چاوەکان لەسەر پلانی کوشتنی ئەو چەند کەسە مەدەنییە، لەوکاتەدا درێژەی بە شەڕکردن دژی پەکەکە دابێت.

بەبروای چاودێران، هەریەکە لە مەولود چاویش ئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم قاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا کە راستەوخۆ سووربوونی خۆیان راگەیاند لەبارەی ئەوەی گوایە پەکەکە ئەو 13 مەدەنییەی لە یەکێک لە پێکدادانەکانی چیای گارە لە باشوری کوردستان کوشتووە، ئاماژەیە بۆئەوەی پلانێکی دیکە لەپشت ئەم تۆمەتانەوەیە کە دراونەتەپاڵ پەکەکە و ویستێک هەیە بۆ شاردنەوەی راستییەکان و شێواندنی ناوبانگی پەکەکە.

ساڵی 2017، لەدوای ئەوەی میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، “پەکەکە دوو ئەندامی هەواڵگری تورکیای بەدیل گرتووە”، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەنقەرە کار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دیلانە دەکات کە لەژێر دەستی پارتی کرێکارانی کوردستاندان.

رۆژی یەکشەممە، خوڵوسی ئاکار لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، بەمەبەستی پاراستنی سنورەکانی و گەڕاندنەوەی دیلەکانی، رۆژی 10ی شوبات تورکیا لە چیای گارە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی پەکەکە دەستپێکرد، وتیشی: لەمیانی گەڕانمان بەدوای ئەشکەوتەکە، تەرمی 13 کەسی مەدەنیمان دۆزییەوە کە پێشتر لەلایەن پەکەکەوە رفێندرابوون.

هێرشەکانی ئەم دواییانەی تورکیا بۆ باکوری هەرێمی کوردستان هەلێکە بۆ گەڕانەوەی چەکدارانی رێکخراوی داعش

ئێوارەی شەممە ئاژانسی میزۆپۆتامیا لە زاری هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بڵاویکردەوە، هێرشەکانی ئەم دواییانەی تورکیا بۆ باشوری هەرێمی کوردستان هەلێکە بۆ گەڕانەوەی چەکدارانی رێکخراوی داعش و یارمەتیدەرە لە گەڕانەوەی ئەو رێکخراوە بۆ ناوچەکە، جەختی لەوەشکردەوە، سوپای تورکیا هەوڵ بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کورد و عەرەب و گەلەکانی دیکەی ناوچەکە دەدات.

تورکیا هەوڵ دەدات ناوچەیەک لە باکوری هەرێمی کوردستان و سوریا دابین بکات بۆ سنوردارکردنی ئەو کۆمەڵە کوردییانەی بە لقێک لە لقەکانی پەکەکە ناویدەبات، ئەو رێکخراوەی ماوەی چوار دەیەیە دژی تورکیا دەجەنگێت.

ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا دڵەڕاوکێی بۆ حکومەتی عێراق دروستکردووە، لەلایەکی دیکەشەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا دووپاتی دەکاتەوە، وڵاتەکەی سوورە لەسەر یەکلاکردنەوەی دۆسیەی پەکەکە لە کوردستان تەنانەت ئەگەر بەغدادیش ئامادەیی خۆی بۆ یارمەتیدانی تورکیا دەرنەبڕێت لە کۆتاییهێنان بە پەکەکە.

پارتی کرێکارانی کوردستان کە زۆرینەی ئەندامانی کوردن و ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و تورکیا بە رێکخراوێکی “تیرۆرستی” ناویدەبەن، لە ساڵی 1984 دەستی بە یاخیبوون لە دەسەڵاتی تورکی کرد و بەهۆی ئەو ناکۆکیانەشەوە تا ئێستا نزیکەی 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، لەماوەی دوو ساڵی رابردووشدا، هەڵمەتەکانی تورکیا بەشێوەیەکی بەرفراوان لە چیاکانی باکوری هەرێمی کوردستان دژی پەکەکە زیادیکرد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا