پۆڵەتیک پرێس
مەنسوڕ بوعەیجی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە عێراق جەختی لەوەکردەوە، رێگە نادرێت بە هیچ لایەنێک هەوڵ بۆ رێککەوتن لەسەر پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 بدات هەتا داهاتەکانی رادەستی حکومەتی ناوەند نەکات.
مەنسوڕ بوعەیجی بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، مافی هیچ کەسێک نییە دانوستان بە سەروەت و سامانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بکات و بیکاتە دیاری بۆ هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی هەرێم داهاتەکانی بداتە حکومەتی ناوەند.
بوعەیجی ئاماژەی بەوەشکرد، دواکەوتن لە جێگیرکردنی بودجەی ئەمساڵ هۆکارەکەی رێکنەکەوتنە لەسەر ئەنجامێک بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی پشکی هەرێم، وتیشی: ئەم بابەتە قبوڵنەکراوە و دواکەوتنی جێگیرکردنی بودجە بەم رادەیەی ئێستا عیراق توشی قەیرانی گەورە دەکات.
باسی لەوەشکرد، تاکە چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە ئەوەیە هەرێم تەواوی نەوت و داهاتەکانی دیکەی هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق رادەستی حکومەتی ناوەند بکات، هەتا بتوانین دەنگ لەسەر پشکەکەیان بدەین لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021.
وتیشی: لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەرێم داهاتەکانی رادەستی ئێمە نەکات ئەوا رێگە نادەین یەک دیناریش بدرێتە کوردستان، ئەندام پەرلەمانەکانی دیکەش بەتایبەت ئەوانەی خوارووی عێراق سوورن لەسەر ئەوەی هەتا هەرێم داهاتی نەوت و داهاتی دەروازە سنورییەکان و داهاتەکانی دیکە رادەستی عێراق نەکات دەنگ لەسەر پشکی هەرێم نادرێت.
ئێوارەی یەکشەممە محەمەد شەبەکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم بەردەوامە و سەرباری ئەوەش هێشتا هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی بۆ دۆسیەی پشکی هەرێم نییە.