گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەستپێدەکاتەوە

پۆڵەتیک پرێس

رێکخراوی فڕۆکەوانی ئێران رایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان وڵاتەکەی و عێراق لەم هەفتەیەوە بە پابەندبوون بە رێکارە تەندروستیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستپێدەکاتەوە.

لەوبارەیەوە محەمەد حەسەن زیبەخش، وتەبێژی رێکخراوەکە بە ئاژانسی ئیرنای ئێرانی راگەیاند، بڕیاردراوە گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق لە رێگاکانی “تاران-نەجەف-تاران” و “مەشهەد-نەجەف-مەشهەد” لەم هەفتەیەوە دەسپێبکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژی دووشەممە، کۆمپانیای گشتی هێڵەکانی ئاسمانی عێراق رایگەیاند، بەشێوەیەکی رێکخراو پێنج هێڵی ئاسمانی لەگەڵ کیشوەری ئەوروپا کارا دەکرێن و ئاراستەیەکیش هەیە بۆ کردنەوەی هێڵی نوێ.

لەوبارەیەوە حسێن جەلیل، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی کۆمپانیاکە رایگەیاند، لە ئێستادا وەک هەنگاوی یەکەم پێنج هێڵی گەشتە ئاسمانییەکان بەرەو ئەوروپا و بەدیاریکراوی بەرەو بەرلین، دۆسڵدۆرف، فرانکفۆرت، لەندەن و کۆپنهاگن کارا کراون و کۆمپانیاکە کار بۆ کردنەوەی هێڵی دیکەش دەکات لەماوەی داهاتوودا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گەشتە ئاسمانییەکان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان راگیران و عێراقیش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی گەشتە ئاسمانییەکانی راگرت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا