پۆڵەتیك پرێس
تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت هەرچەندە بازاڕ و شوێنە گشتییەكان لە قوتابخانەكان مەترسیدارترن بۆ تەشەنەسەندن و سەرهەڵدانەوەی رێژەی زۆری ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام ئەوان چاودێری وردیان لەسەرخوێندكارانە لە ناوەندەكانی خوێندن چونكە مەبەستیانە پرۆسەی خوێندن سەركەوتن بەدەست بهێنێت.
هێرش سەلیم ، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی :”جگە لە ناوەندەكانی خوێندن، شوێنە گشتییەكان و بازاڕ و كافتریا و هۆڵەكانی كۆبونەوە مەترسیدارترن بۆ تەشەنەسەندن و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و مەرج نیە خوێندكاران لە ناو ناوەندەكانی خوێندن توشی ڤایرۆسەكە ببن رەنگە لە دەرەوەی قوتابخانە ڤایرۆسەكە ببەنە ناو خوێندگەكان بەڵام ئەوان چاودێری وردیان لەسەر خوێندكارانە چونكە ناوەندەكانی خوێندن داخراون و منداڵان زیاتر بەر یەك دەكەون و رەنگە وەك پێویست رێنماییەكان جێبەجێنەكەن.
وتیشی: هەر خوێندنگەیەك ژمارەی تووشبوونی خوێندكارانی لە پێنج حاڵەت زیاتر بوو ئەوە خوێندنگەكە بۆماوەی چواردە رۆژ كەرەنتیەنە دەكرێت و دادەخرێت.
بەوتەی جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، كۆرۆنا لەسنوری پارێزگای سلێمانی لە داكشاندایە و ئامارەكان دڵخۆشكەرن، لە ئێستادا 13 نەخۆش لەناو هۆڵەكانی نەخۆشخانەكانی كۆرۆنادان و سێ حاڵەتیان لەژێر چاودێری چڕدان.