“تا ئێستا هیچ بەڵگەیەك لە دژی بەدەل بەرواری تۆمار نەكراوە”

پۆڵەتیك پرێس

پارێزەری بەدەل بەرواری دەڵێت، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەك لە دژی بریكاردارمان تۆمارنەكراوە و خۆشی دانی بە هیچ تاوانێكدا نەناوە، بۆیە داوای پێداچوونەوە بە دۆسیەكەی و ئازادكردنیمان كردووە.

ئاسۆ هاشم پارێزەری بەدەل بەرواری بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: رۆژی یەك شەممە 14ی شوباتی 2021، لە رێگای دادگای دووی تاوانەكانی هەولێرەوە، وەكو پارێزەری بەدەل بەرواری بڕیاری دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێرمان تەمیزكردەوە كە ماوەی دەستگیركردنی ناوبراوی درێژكردووەتەوە و داوای دەست بەجێ‌ ئازادكردنی بریكاردارمان دەكەین.

ئاسۆ هاشم وتیشی: دوای تاوتوێكردنی دۆسیەكەی بەدەل بەرواری بۆمان دەركەوت هیچ بەڵگەیەك نیە لە دژی بریكاردارمان، گوایە گروپێك هەبووە ئیشیان لە دژی حكومەتی هەرێم كردووە تۆمەتباری سەرەكی دۆسیەی گروپەكە و ئەوانەی وەكو شایەت لە دۆسییەكەی بەدەل بەرواریدا ناویان هەیە دەڵێن ناوبراو پەیوەندی بەو گروپەوە نیە و شایەتحاڵەكانیش دەڵێن بەدەل بەرواری لەو گروپەدا نەبووە.

ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستەڕوو، بەدەل بەرواری نەخۆی دانی بە هیچ تاوانێكدا ناوە و نە هیچ بەڵگەیەك هەیە لە دژی، لە 18-10- 2020یش، دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بڕیاری ئازادكردنی بەدەل بەرواری دەركردووە لەبەرئەوەی هیچ بەڵگەیەك نیە لە دژی، بەڵام دواتر نازانین بە چ پاساوێك ماوەی دەستگیركردنەكەی درێژكردووەتەوە، بۆیە ئێمەش رۆژی یەك شەممە، بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی دەستگیركردنەكەیمان تەمیز كردەوە و داوای ئازادكردنی دەكەین.

ئاسۆ هاشم ئاشكراشیكرد، بڕیاربوو لە 15-2-2021 بەدەل بەرواری و دەستگیركراوەكانی دیكەی بادینان دادگایی بكرێن بەڵام دادگایی كردنەكە بۆ ماوەیەكی نادیار دوادەخرێت بەهۆی ئەوەی سەرۆكی دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر ناساغە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا