داوا دەكرێت ئەمریكاو ئەوروپا لەسەر دەستگیركراوانی بادینان بێنە دەنگ

پۆڵەتیك پرێس

كۆمەڵێك كەسایەتی لە هەرێمی كوردستان لەسەر دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان داوایەك ئاڕاستەی نەتەوە یەكگرتووەكان و كونسوڵخانەی ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا دەكرێت.

ئەو كەسایەتیانە، داواكەیان ئاڕاستەی هەریەكە لە ئۆفیسی نەتەوەیەكگرتووەكان، لە بەغدا و هەرێمی كوردستان و كونسوڵخانەی ئەمەریكا و كونسوڵخانەی وڵاتانی ئەوروپا و پەرلەمانی عێراق كردووەو ئاماژە بەوە دەكەن، هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی خراپ و قەیرانێكی قوڵدایە، لەگەڵ سەختی و دژواری ژیانی هاوڵاتییان، هاوكات ئازادی كاری رۆژنامەوانی و چالاكی مەدەنی و سیاسیش لە لێواری نەماندایە.

ئەوەش دەخەنەڕوو، هۆكاری ئەوەش بەهۆی پێشێلكاری بەردەوامی مافەكانی مرۆڤ و سەركوتكردنی خۆپیشاندەران و دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مەدەنی و ئەندامانی ئەو پارتە سیاسییانەی ئۆپۆزسیۆنەوەیە.

ئاماژە بەوەشدەكەن، تائێستا چەندین كەس بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە دەستگیركراون و لە زیندانەكانی ئاسایشدان.

دەشڵێن، “رۆژی 10ی شوبات مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە بارەی ئەو دەستگیركراوانەی بادینان وتی ئەوانەی دەستگیركراون رۆژنامەنوس و چالاكوان نین، بەشێكیان سیخوڕی وڵاتان بوون و بەشێكی دیكەشیان هەوڵی تەقاندنەوەی باڵەخانە و پێگەی بیانییەكانی هەرێمیان داوە و هەوڵی كووشتن و رفاندنیان داوە، تەنها لە بەرگی رۆژنامەنوسدا بوون”.

جەخت لەوەش دەكەنەوە، ئەو وتانەی سەرۆكی حكومەت لە كاتێكدایە لە ماوەی رابردودا دەستگیركراوەكان تەنیا داوای نان و ئازادییان كردووە، تەنانەت بەشێكیان لەسەر لایك و كۆمێنت و ئیمۆجی دانان دەستگیركراون، كەچی تۆمەتی قورسییان بەپێی ماددەی 156ی سزادانی عێراقی ئاڕاستە كراوە.

ئەو كەسایەتییانە داوا دەكەن، نەتەوە یەكگرتووەكان و باڵوێزخانەی ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا، بە پەلە فشار بخەنە سەر حكومەتی هەرێم، تا ئەو دەستگیركراوانە هەموو مافێكی بەرگری یاساییان بۆ دەستەبەربكرێت و ئازادبكرێن.

هاوكات داوا هاوكاری خەڵكی كوردستان بكرێت بۆ بنیاتنانی سیستمێكی دیموكراسی و حوكمێكی رەشیدو دەسەڵاتی هەرێم ناچاربكرێت دەست لە سڕكردن و كارنەكردنی بە ماددەی 38ی دەستوری عێراق، یاسای كاری رۆژنامەگەری، یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان، یاسای مافی دەستخستنی زانیاری هەڵبگرێت و چیتر خۆپیشاندان قەدەغە نەكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا