داعشەكانی خێوەتگەی هۆڵ

ئەم بابەتە 23 جار بینراوە

خیوەتگەی هۆڵ دەكەوێتە كوردستانی رۆژئاوا، یان وەك عەرەبەكان دەڵێن باكوری رۆژهەڵاتی سوریا، لەنزیك سنوری عیراق و بەپێی ئاماری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ٦٢ هەزار پەنابەری خەڵكی زۆر وڵاتی تێدایە، كە پەنابەری ئاسایی نین، بەڵكو هەموویان ئەوانەن كە بەخواستی خۆیان لە بن قەڵەمڕەویی داعشدا دەژیان و نزیكەی (١٠٠٠٠) دە هەزار چەكداری دیلی داعش لەنێویاندان!

داعش لەسوریا و رۆژئاوا شكستێكی گەورەی پێهێنرا لەسەر دەستی شەڕڤانە قارەمانەكانی رۆژئاوا، كەچی هێشتا دەیان هەزار داعش و نزیكەی دە هەزار چەكداری داعش لە بەندیخانەكان و خیوەتگەی هۆڵدا بەخێو دەكرێن و وڵاتەكانیان ئامادەنین بیانبەنەوەو لەنێو وڵاتەكانی خۆیاندا دادگاییان بكەن ! لەبەر ئەوەی فەرمانڕەوایی خۆسەریی رۆژئاواش دەوڵەت نییەو هەر هەرێمێكی دیفاكتۆیەو لەڕووی نێودەوڵەتییەوە دانپێدانراو نییە، تا ئێستا كۆمەڵی نێودەوڵەتی رەزامەندنیە دادگایەكی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییكردنی ئەو داعشانە پێكبهێنرێ ! سەیرەكە لەوەدایە كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەزانێ سوپایەكی داعش بەدیلی وا لەوێیەو وەك بۆمبێكی قورمیشكراو وایەو لە هەر كاتێكی گونجاودا ئەگەری تەقینەوەی ئەو بۆمبە هەیە! كەچی خۆیان لەگێلی دەدەن و بێباكن!

داعشەكانی خێوەتگەی هۆڵ، بەتایبەت بەشی ژنان، ئیمارەتێكی تەواوی داعشیان لەوێ دروستكردووەو بەتەواوی زاڵن بەسەر دۆخی ناوخۆیی خێوەتگەكەدا و تا ئێستا چەندین جار وتەبێژی نوسینگەی هاریكاریی مرۆیی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە ئاستی ئارامی و ئاسایش لەنێو خێوەتگەكەدا زۆر نزمە و ئەمەش بەبەردەوامی و بەشێوەیەكی سلبی كاریكردۆتە سەر كارمەندەكانی فریاگوزاری و زۆر بەزەحمەت دەتوانن كۆمەك بگەیەنن!

نەبوونی ئارامی و ئاسایش لەنێو خێوەتگەكەدا هەر كاریگەریی خراپی لەسەر گەیاندنی كۆمەك نەبووە، بەڵكو بەپێی راپۆرتێكی ناوەڕاستی مانگی كانونی دووەمی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (١٢) دوازدە كەسی سوری و عیراقی لەنێو خێوەتەگەكەدا كوژراون! ئەمە جگە لەوەی بەپێی راپۆرتێكی روانگەی سوریی مافەكانی مرۆڤ، لەكۆتایی مانگی رابردوودا كەسێكیدیكەی عیراقی بەدەمانچەی بێدەنگ تەقەی لێكراوەو كوژراوە!

هەر بەپێی راپۆرتی روانگەی سوری لەساڵی رابردوودا لەنێو ئەو خێوەتگەیەدا (٣٣) سی و سێ كەس كوژراون كە (٢١) بیست و یەك كەسیان عیراقی بوون و ئەوانەبوون هاوكاری ئاسایشەكانی رۆژئاوابوون كە سەرپەرشتیی خێوەتگەكە دەكەن. هەروەها (٦) شەش ژنیش كوژراون كە یەك روسیایی و دوو عیراقی و سێ ژنی سوریایی بوون لەگەڵ شەش ژنیدیكە كە یەكێكیان كارمەندی فریاگوزاریی نەتەوە یەكگرتووەكان بووە!

هەڵبەت دەزگای ئاسایشی رۆژئاوا دان بەبوونی ئەو هەموو پشێوییە لەنێو خیوەتگەكەدا دەنێت، بەڵام نایشارنەوە كە ئەركی بەڕێوەبردنی خیوەتگەیەك كە هەزاران ئەندامی داعشی تێدایە ئەركێكی فرە قورسە، بەتایبەت كە كۆمەڵی نێودەڵەتی نەك هەر بەگوێرەی پێویست كۆمەكیان ناكات، بەڵكو دەكرێ هاوكارییەكانیان لەمڕووەوە بەئاستێكی زۆر خراپ و بێكاریگەر دابنرێ!

كۆمەڵی نێودەوڵەتی لەئاست دیاریكردنی چارەنووسی ئەو چەكدارانەی داعش كە لەبەندیخانەو خیوەتگاكانی سەربە فەرمانڕەوایی خۆسەری بێدەنگە و ئەمەش دۆخەكەی ئەوەندەیتر ئاڵۆزتر كردووە و جێی داخە كۆمەڵی نێودەوڵەتی نە هەوڵیداوە بەندیخانەی نمونەیی بنیاتبنێ، نە راهێنانی بە پاسەوانەكانی ئەو خێوەتگەو بەندیخانانە كردووە و نە خولێكی كارگێڕیی بۆ چۆنەتیی بەڕێوەبردنی بەندیخانە كردۆتەوە، بەڵكو هەموو ئەركە قورسەكە لەسەر دەزگای ئاسایش و لێپرسراوانی فەرمانڕەوایی خۆسەریی رۆژئاوایە!

ئەوەی لە رۆژئاوا دەگوزەرێ ترسناكەو ئەو دەیان هەزار داعشە ئامادەیە وەك بۆمبێكی تەوقیتكراو وان و لەهەر ئاڵۆزی و لەدەستدەرچوونێكی دۆخەكە دەبن بە مایەی كارەساتی گەورەو ئەگەر كۆمەڵی نێودەوڵەتی مشوری نەخوا ئەم ئەركە رۆژ بەرۆژ لەسەرشانی فەرمانڕەوایی خۆسەری قورستر دەبێ و ئاسان نییە تاسەر بتوانن، بەبێ پشتیوانییەكی بەكردار، بەرگەی ئەم ئەم ئەركە فرە قورسە بگرن!

حەسەن یاسین

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک