پۆڵەتیك پرێس
مەترسی زیادبوونی حاڵەتەكانی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرنا لە خوێندنگەكان هەیە، وەزارەتی تەندروستی هەرێمیش دەستی بەبەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە كردووە.
رۆژی 7ی شوباتی 2021 دەوامی قوتابخانە و خوێندنگەكان لە هەرێم دەستیپێكردووە، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە پرۆسەی خوێندن لەناو قوتابخانەكانی هەرێم بۆ ماوەی ساڵێك ڕاگیرا، دوای دەستپێكردنەوەی پرۆسەكەش چەند حاڵەتكی تووشبوون بەكۆرۆنا لەناو خوێندنگەكان تۆماركراون و مەترسی بەرزبوونەوەی حاڵەتەكانیش لە ئارادایە.
لەو بارەوە هێرش حەیدەر، سەرپەرشتیاری تیمی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لەشاری سلێمانی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بە بەراورد بە هەفتەی رابردوو لە ئێستادا ئامارەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا تا رادەیەك جێگیرە و بەرزو نزمبوونەوەیەكی كەم هەبووە، بەڵام ئامارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق روو لە زیادبوونەوە و دەبینین رۆژانە بۆ نزیكەی دوو هەزار حاڵەت تۆمار كراون.
وتیشی: بەرزی ئەو ئامارانەش لە عێراق و تێكەڵاوی و هاتووچۆكردنمان ئەوەمان پێدەڵێن، ئێمەش لە مەترسیداین بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ مانگی ئادار و نیسانی ساڵی رابردوو، كە ژمارەكە زۆر زیاد بكەن، لە ئێستاشدا تەنیا نەخۆشخانەی شەهید عەلی والی بەگ نەخۆشی كۆرۆنای تێدا نییە و نزیكەی 20 نەخۆشێك ماونەتەوە.
سەرپەرشتیاری تیمی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لەشاری سلێمانی جەختیكردەوە دوای كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكانیش لەئێستادا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنن بۆ دۆخی كۆرۆنا لەخوێندنگەكان تا لە ئەگەری بەرزبوونەوە و كەمبوونەوەی حاڵەتەكانی كۆرۆنا هاووڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگادار بكەنەوە.