كازمی داوا دەكات گیانی خۆپیشاندەران پارێزراو بێت

پۆڵەتیك پرێس:
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لەهێزە ئەمنییەكانی وڵاتەكەی كرد، كە پارێزگاری لە گیانی خۆپیشاندەران بكەن، چونكە ئەوان بۆ مافی شەرعی خۆیان لەسەرشەقام-ن.

مستەفا كازمی رۆژی شەممە 15ی ئاب لە ئاهەنگی دەرچوونی كادرانی وەزارەتی ناوخۆ بەشداریكردو لەمیانی وتارێكیدا رایگەیاند، رۆڵی راستەقینەی هێزە ئەمنییەكان بریتییە لەپارێزگاریكردنی خۆپیشاندەران،  بۆیە هێزە ئەمنییەكانیش هەڵقوڵاوی نێو خەڵكی عێراقن.

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا كازمی رووی لە هێزە ئەمنییەكان كردو پێیڕاگەیاندن، كە گرنگی ئەوان لەوەدایە بەرگری لەمافی هەر عێراقییەك بكەن‌و رای خۆی دەرببڕێت و پارێزگاری لەكەرامەتی بكات.

لەلایەكی دیكەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ڕێگا نادات مافی هاووڵاتیانی عێراق پێشێل بكرێت و رێگاش نادات هیچ كەسێك دەستدرێژیی بكاتە سەر كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان لەكاتی بەڕێوەچوونی ئەركە فەرمییەكانیاندا.

لەكۆتایی وتەكانیدا كازمی باسی لەوە كرد، هەر كەسێك لەسەر شەقامەو داوای مافی خۆی دەكات دەبێت بیرمان بێت، كە بەشێكە لەئێمە، یان برا یان ئامۆزا یان یەكێكە لەبنەماڵەكەمان و پێویستە پارێزگارییان لێبكەین.

قسەكانی كازمی لەكاتێكدایە، ماوەیەكە خۆپیشاندان لەشارەكانی عێراق بەرێوەدەچێت‌و لەچوارچێوەی خۆپیشاندانەكانیش گرژی لەنێوان هێزە ئەمنییەكان‌و خۆپیشاندەران دروست دەبێت‌و بەو هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر خەڵكی دەبنە قوربانی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا