(دۆڵابی کتێب) .. شیعرێکی تۆماس ترانستریۆمەر

پۆڵەتیک پرێس

شیعر: تۆماس ترانستریۆمەر

وەرگێڕانی: خەبات عارف

 

دۆڵابی کتێب

لە نهۆمی مردووەکەوە هێنرا. چەند ڕۆژان بەتاڵ بوو، بەتاڵ، تا ئەوەی من بە کتێب پڕم کردەوە، هەموو ئەوانەی بەرگی ڕەقیان تێ گیرابوو، قورسەکان. بەوەوە ژێرزەوینیشم هێنابووە ژوورەوە. شتێک لە ژێرەوە دەهات، هێواش و سەرسەخت وەک دنگەیەکی زەبەلاحی جیوە هەنگاوی هەڵدەهێنا. بۆت نەبوو ڕووی لێ وەربگێڕیت.
بەرگگەلە تاریکەکان، سەروسیما بەیەکدادراوەکان. لەو جەزائیرییانە دەچوون کە لە دەستپێکی شوێنی پەڕینەوەی فریدریششتراسە(2)دا وەستابوون و چاوەڕێی فۆڵکپۆلیتسیای(3) بوون تا لە پاسپۆرتەکانیان ورد ببێتەوە. پاسپۆرتەکەی من دەمێک بوو لەنێو شووشەبەندەکاندا بوو. ئەو تەمەیش کە ئەو ڕۆژە لە بەرلین هەبوو، لەنێو دۆڵابی کتێبەکانیشدا هەبوو. سەرلێشوانێکی کەونارا لەنێویدا هەیە، تامی پاسشەندێل(4) و ئاشتیی ڤێغسای(5) دەدات، تامی لەوەیش کۆنترە. سەفتەکاغەزە قورس و ڕەشەکان -دواتر دەگەڕێمەوە بۆ لایان- ڕاستییەکەی جۆرێک لە پاسپۆرتن و کە ئەستووریشن لەبەر ئەوەیە کە بە درێژایی چەرخەکان ئەو هەموو مۆرەیان لێ دراوە. ڕوون و ڕەوانە کە ناتوانرێت بە بارێکی ئەوەندە قورسەوە گەشت بکرێت، ئێستا کە دەکرێت گەشت بکرێت، کە ئاخرێکەی دەکرێت کە…
سەرلەبەری مێژوونووسە کۆنەکان لەوێن، بۆیان هەیە لەوێ هەستن و بە خێزانەکەماندا بڕوانن. هیچ نابیسترێت بەڵام لێوەکان بەردەوام لە پشت شووشەکەوە خۆیان دەجووڵێنن (”پاسشەندێل”…). لەوەوە دەگەیت بەوەی بیر لە دامەزراوەیەکی کەونارا بکەیتەوە (ئێستا چیرۆکێکی سەراپا ترسناکی بە دوادا دێت)، خانووبەرەیەک کە لەوێ پۆرترێتی ئەو پیاوانەی دەمێکە مردوون لە پشت شووشەوە هەڵواسراون و بەیانییەک نێوەوەی شووشەکە تەم دایگرتبوو. دوێشەو دەستیان بە هەناسەدان کردبوو.
دۆڵابی کتێبەکان هێندەی تر تۆکمەوتۆڵ. نیگاکان کە بەسەر سنووری پەڕینەکەوەن! پەردەیەکی تەنکی بە بریسکوهوڕ، پەردەیەکی تەنکی بە بریسکوهوڕی سەر چەمێکی تاریک کە ژوورەکە بە چارۆکەی هەڵدراوەوە دەبێت پێدا تێپەڕێت. نایشبێت ڕوو وەربگێڕدرێت.
تێبینییەکان:
(1) دۆڵابی کتێب، بە سوێدی bokskåp، لەگەڵ کتێبخانە و مەکتەبە و ڕەفەی کتێب جیاوازییەکەی ئەوەیە کە ئەمیان دەرگەی هەیە و باوە دوو دەرگە، یا زیاتری هەبێت و دەرگەکان شووشەیان هەیە.
(2) فریدریششتراسە، Friedrichstrasse، لە شیعرەکەدا هەر بە ئەڵمانیایی نووسراوە و ناکرێت بگۆڕدرێت، واتە: جادەی، یا شەقامی، فریدریش.
(3) فۆڵکپۆلیتسیای؛ Volkspolizei، مانا کوردییەکەی (پۆلیسی خەڵک!) ناوی ئەو کارگێڕییە دەوڵەتییە بوو کە لە ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی ئەوسادا هەبوو و لەنێوان 1949 تا 1990دا کارا بوو، دوای یەکگرتنەوەی ئەڵمانیاکان لە 3/6/1990دا گیانی ئێمەیشی لە گیانی خۆیدا خۆش کرد.
(4) پاسشەندێل؛ Passchendaele، هەرێمێکە لە فلاندەری بەلژیک؛ مەیدانی جەنگ لەنێوان 1914 تا 1918.
(5) ئاشتیی ڤێغسای؛ بە سوێدی Versaillesfreden، یا Traité de Versailles بە فرەنسایی، گرنگترین پەیمانی ئاشتی بوو کە کۆتایی بە جەنگی جیهانگیری یەکەمین هێنا. پەیمانەکە کۆتایی بە جەنگی نێوان ئەڵمانیا و دەستەڵاتەکانی خۆرئاوای ئەوسا هێنا و لە 28/6/1919دا واژۆ کرا.

سەرچاوە: کۆمەڵەشیعری بینین لە تاریکیدا، 1970
ترانستریۆمەر 2011 خەڵاتی ئەدەبیاتی نۆبێلی وەرگرت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا