هه‌ولێر بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پشكی هه‌رێم له‌بودجه‌ چاوه‌ڕێیه‌ به‌غدا بێده‌نگی بشكێنێت

پۆڵه‌تیك پرێس:
ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، شاندى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌ى پێویست بووه‌ ئه‌نجامى داوه‌، ئێستا شاندى هه‌رێم و ئه‌ندامانى كورد له‌ لیژنه‌ى دارایى چاوه‌ڕوانى فراكسیۆنه‌ شیعه‌كان ده‌كه‌ن بۆ دواین وه‌ڵام ده‌رباره‌ى پشكى كورد له‌ پرۆژه‌ یاساى بودجه‌.

شیروان میرزا، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ پۆڵه‌تیك پرێس-ی ڕاگه‌یاند، لێدوانى هیچ په‌رله‌مانتارێكى شیعه له‌باره‌ی پشكی هه‌رێم یاخود تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ به‌بێ كورد‌ نابێته‌ فه‌رمى، ئێمه‌ و شاندى هه‌رێمى كوردستانیش چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى فه‌رمى فراكسیۆنه‌ شیعه‌كانین، به‌ فراكسیۆنه‌ شیعه‌كانمان وتووه‌ ئێمه‌ به‌و بڕگه‌یه‌ى تایبه‌ته‌ به‌ كورد و له‌ پرۆژه‌ یاساى بودجه‌دا هاتووه‌ رازین، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ هه‌موارى ده‌كه‌نه‌وه‌، بڕگه‌ هه‌مواركراوه‌كه‌مان بده‌نێ با گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ بكه‌ین”.

شیروان میرزا وتیشى:”پێمان وتوون هه‌رشتێك ده‌ستوورى بێت و مافى هه‌رێمى كوردستان بپارێزێت ئێمه‌ قبوڵى ده‌كه‌ین، پێشموانیه‌ پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ به‌ بێ كورد هاوشێوه‌ى یاساى قه‌رز تێپه‌ڕێنرێت “.

پێشتر سامر زیبان، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاندبوو، تا ئێستا هیچ ڕێككه‌وتنێك له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم له‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ نه‌كراوه‌ و تا سێ رۆژى دیكه‌ چاوه‌ڕێین هه‌ولێر و به‌غدا بگه‌نه‌ رێككه‌وتن ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن نه‌كرا، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌بێ كورد ده‌نگ به‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق بدرێت، هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی پێشتر به‌بێ كورد ده‌نگ به‌ یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی دارایی درا”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا