پۆڵەتیک پرێس
ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن بەنیازە رێگە بە چوونەژوورەوەی کۆمەڵێک کۆچبەر بدات کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ ناچارکراون لە مەکسیک بمێننەوە.
رۆژنامەی پۆڵیتیکۆ بڵاویکردەوە، ئیدارەی بایدن هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی لە رۆژی هەینی داهاتووەوە کار لەسەر هەنگاوی یەکەمی بەرنامەی چوونەژوورەوەی کۆچبەران بکات.
ئەوەش هاتووە، ئەو کۆچبەرانە پێشتر دۆسیەی پەنابەرییان پێشکەشی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا کردووە و هێشتا مامەڵەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی کۆچبەرانە و بڕیارە وردە وردە کارەکانیان بۆ جێبەجێ بکرێت.
لەوبارەیەوە ئەلیخاندرۆ مایۆرکاس، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا رایگەیاند، ئەم رێوشوێنانە هەنگاوێکن بۆ پابەندبوونمان بە چاکسازی لەو سیاسەتانەی پێشووی کۆچبەری کە لەگەڵ بەهاکانی وڵاتەکەماندا ناگونجێن.
لە سەرەتای مانگی شوبات، ئیدارەی جۆ بایدن دەستیکرد بە کارکردن بۆ گۆڕینی سیاسەتی کۆچبەری لە ئەمریکا، کە پێشتر لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ مشتومڕێکی گەورەی دروستکرد.