(شیروان شێروانی)ـیش وەك خاشوقچیی!

كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و زلهێزان بێباكن لە دیموكراتیزەبوونی وڵاتانی دواكەوتوو، بگرە دۆستی بێ چەند و چۆنی دەسەڵاتە ستەمكار و دیكتاتۆرەكانی ناوچەكەن بە دەسەڵاتی خۆسەپێنی هەرێمی كوردستانیشەوە.

كوێراییان دانەهاتووە لە پێشێلكاریی مافی مرۆڤ، مزمەعیل نین دەسەڵاتە ئۆلیگارشییەكانی ناوچەكە ئەبینن، لە بنەڕەتدا دەسەڵاتی باڵادەستی سەرمایەداریی و نیولیبراڵ ئیلهام لە بنەماڵە گەندەڵە سوڵتانییەكانی ناوچەكە وەرئەگرن.

بۆ ئازادكردنی دەنگە ئازا و ئازادەكانی بادینان و هەولێر، پەنابردن بۆ وڵاتانی بەناو دیموكراسیی جۆرێكە لە خولانەوە لە بازنەدا، خۆفریودانە لە هاوكێشەی جیهانیی تێنەگەین!

مەسرور بارزانی كە دێت و ڕستێك تۆمەتی بێ بنەما ئەداتە پاڵ زیندانیانی بادینان(حەتمەن سیناریۆی ترسناكتریش بەڕێوەیە) پشت ئەستوورە بەو دەسەڵاتە نادادپەروەرەی كە جڵەوی دنیایان لە دەستدایە، بە موبارەكە و چرای سەوزی ئەوان هەنگاو هەڵئەگرێت، ئەگینا ئەوەندە بێ چاو و ڕوو نەئەبوو!

محەممەد بن سەلمان ئال سعوود شازادەی جێنشینی سعوودییە بە بەرچاوی دنیاوە جەمال خاشوقچیی لە قونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە ئەستەمبوڵ پەلپەل كرد، كەچیی نەك زلهێزان و وڵاتانی (پارێزەری دیموكراسیی و مافی مرۆڤ و مافی دەربڕینی ئازاد و میدیای ئازاد) بە پەیوەندییەكانیاندا نەچوونەوە لەگەڵ سعودییەی گۆڕستانی ئازادیی پارتە سیاسییەكان و جەهەنەمی ڕۆژنامەگەریی ئازاد، بەڵكو بۆ خۆیان بوونە بەردەبازی لەو تەنگژەیەدا و ترەمپ و دەسەڵاتەكەی سەفەقاتی چەند ملیارد دۆلاریی لەگەڵ پەرەپێدا!

خاشوقچیی هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمریكیی و ئایكۆنێكی دیاری جیهانیی بوو، نووسەر و بەڕێوەبەری كەناڵی عەرەب نیوز بوو، لە ڕووی دارایی و سەرمایەشەوە كوڕی عەدنان خاشوقچیی گەورە سەرمایەدار بوو، كە دكتۆری تایبەتی عەبدولعەزیز ئال سعوود بووە و هاوكات بازرگانی چەك بووە، بنەماڵەكەیان بە كوڕە پورەكانیشییەوە ملیاردێر بوون، دۆدی ئەلفایدی كوڕە پوری خۆشەویستی شازادە دایانای بەریتانیی بوو… ئەمانە هەموو نەبوون بە تكاكار بۆ لێپرسینەوە و ئیجرائات لەگەڵ جەلادەكانییدا، ئەبێت پیاوانێكی مەغمور و گومناوی وەك #بەدەل_بەرواریی پەنا بۆ كێ ببەن؟!

ژن و مناڵە بێ نازەكانی #شیروان_شێروانیی لە ڕێگای كێ و كامە دامەزراوەوە بیسەلمێنن كە مەسرور و دەسەڵاتە ئەمنییە میتیی و ژیتەمیی و داعشییەكەی ڕاست ناكەن و توانای قەبوڵكردنی ڕای جیاواز و بیستنی دەنگی جیاوازیان نییە؟!

كام حیزب و سەرۆك حیزب لە هەرێم ماوە كە نەبووبێت بە ئەڵقە لەگوێ و بەرماوەخۆری دەسەڵات تا بەرگرییان لێ بكات؟!

ئەبێت بۆ ڕێگایتر بگەڕێین، هەرێمی كوردستان كە فشەڵترین دەسەڵاتی دنیایە یەكێكە لە داهۆڵەكانی زلهێزان، بۆچیی ئەبێت ئێمە پەنا بۆ خۆیان ببەینەوە؟!

نائومێد نین، بەڵام تێنەگەیشتن لەم دۆخە ئەوەندەیتر كۆمەڵگا ئەباتە ناو كۆڵانی بنبەست و تونێلی تاریكەوە.

هادی حەمەڕەشید

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا