هۆكاری جموجوڵەكانی داعش لە نزیك خانەقین ئاشكرا دەكرێن

پۆڵەتیك پرێس

جێگری پارێزگاری دیالە رایگەیاند، لە سنوری خانەقین تا موسڵ جموجوڵەكانی داعش زیادیكردووە و چەكی پێشكەوتوو لە كردەوەكانیاندا بەكاردەهێنن.

كەریم عەلی جێگری پارێزگاری دیالە بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، ماوەیەكە جموجوڵەكانی داعش لە سنوری خانەقین بۆ موسڵ زیادیكردووەتەوە، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سنورەكە فراوانە و هێزە ئەمنییەكانیش كەمن، توانای ئەوەیان نییە هەموو سنورەكە كۆنترۆڵ بكەن.

وتیشی، “هۆكارێكی دیكە ئەوەیە زانیارییە هەواڵگرییەكان لاوازن و خەڵكی ناوچەكە هاوكاری سوپا و هێزە عێراقییەكان ناكەن”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو ناوچانەی داعش جموجۆڵی تێدا دەكەن بریتین لە چیای حەمرین و دەریاچەی حەمرین و سنوری خانەقین بەتایبەتی ناوچەی شێخ باوە كە ناوچەیەكی ئاڵۆزە، داعش بەچەكی پێشكەوتووەوە جموجوڵەكانی زیاد كردووە.

جێگری پارێزگاری دیالە دەشڵێت، “تاوەكو هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناوچەكە و لەگەڵ سوپای عێراق هەماهەنگی نەكەن و كۆنتڕۆڵی تەواوەتی ناوچەكە نەكەن، بارودۆخەكە بەمشێوەیەی ئێستا دەمێنێتەوە”.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، ماوەیەكە جموجوڵەكانی چەكدارانی داعش لە عێراق و سوریا زیادیانكردووەتەوە، لە عێراق لە ناوچە دابڕاوەكان بەشێوەیەكی زیاتر لە جاران دەستیان كردووەتەوە بە جموجوڵ.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا