پارتی: پەكەكە دەستی سوپای توركیای راكێشاوەتە ناو هەرێم

پۆڵەتیك پرێس

پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی كەجەكەی دایەوەو رایگەیاند، كەجەكە قسەی بێ بنەما و تۆمەتبەخشینەوە لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاودەكاتەوە، دەشڵێن، ” پەكەكە دەستی سوپای توركیای راكێشاوەتە ناو هەرێم”.

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لەبارەی گرژی و پێكدادانی نێوان چەكدارانی پەكەكە و سوپای توركیا، دیسان كەجەكە قسەی بێ بنەمای لەدژی پارتی بڵاوكردوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پارتی هیچ پەیوەندییەكی بە ناكۆكی و گرژییەكانی نێوان پەكەكەو توركیاوە نییە.

دەشڵێت، “لە ڕاستیدا، ئەوە پەكەكەیە كە دەستی سوپای توركیای راكێشاوەتە ناو هەرێم و ئاڵۆزی و تێكدان و ناسەقامگیری بۆ هەرێم گواستووەتەوە كە پەكەكە شەڕی توركیای لەناو خاكی توركیادا نەكردووە و بەردەوام لە هەڵاتندایە و خەڵكی تر بە دوای خۆیدا رادەكێشێت، پارتی چ تاوانێكی كردووە؟”.

وتەبێژی پارتی باس لەوەدەكات، پەكەكە خۆی باش دەزانێت ئەگەر پارتی بە راستی دەستی لەو شەڕانەدا هەبووایە، ئەوا پەكەكە لە دۆخێكی خراپتردا دەبوو.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، رۆژی 10ی ئەم مانگە توركیا ئۆپراسیۆنێكی لەناوچەی گارە دژی پەكەكە دەستپێكرد، دواتریش كەجەكە لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، ئەگەر پارتی هاوكاری و پاڵپشتی سوپای توركیا نەكات، ئەو وڵاتە ناتوانێت هێرش بكاتە سەر گارە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا