پۆڵەتیك پرێس
دەستەی نەزاهەی عێراق رایگەیاند، ساڵی رابردو لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ زیاتر لە سێ هەزار كەس دەرچووە، لەو ژمارەیەش 82 كەسیان پلەی وەزیر و تایبەتیان هەبووە.
دەستەكە لە راگەیەنراوێكیدا بڵاویكردەوە، ساڵی 2020 دوای بەدواداچون و رادەستكردنی بەڵگەكانیان بە دادگا، بەتۆمەتی گەندەڵی و بەشداربوونیان تێیدا فەرمانی دەستگیركردن بۆ سێ هەزارو 111 كەس دەرچووە لەو ژمارەیەش 941 كەسیان دەستگیركراون.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هەشت كەس لەنێو ئەو كەسانەدا پلەی وەزیریان هەبووە، هاوكات 74 كەسی دیكەشیان پلەی بەڕێوەبەری گشتی و تایبەتیان هەبووە.
دەستەی نەزاهەی عێراق راشیگەیاندووە، بەهۆی ئەو بەدواداچونەكانیانەوە توانیویانە نزیكەی بڕی یەك ملیارو 900 ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێننەوە.
ئەوەش دوای ئەوە دێت لەسەرەتای دەستبەكاربونیدا كازمی جەختی لەوە كردەوە سەرجەم ئەو كەسانە دەستگیردەكرێن كە دەسەڵاتەكانیان بۆ گەندەڵی و مەبەستی خراپ بەكارهێناوە، پێشتریش چەندین بەرپرسی دیكە بەهۆی تێوەگلانیان لە گەندەڵی دەستگیركراون.