“نابێت بەرپرسان پێش بڕیاری دادگا دۆسیەی تۆمەتباران یەكلایی بكەنەوە”

پۆڵەتیك پرێس

جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان باس لەوە دەكات، هیچ بەرپرسێكی هەرێمی كوردستان مافی ئەوەی نییە، پێش بڕیاری دادگا بكەوێت و دۆسیەی تۆمەتباران یەكلایی بكاتەوە.

عەباس فەتاح جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس رایگەیاند، هیچ بەرپرسێك لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت مافی ئەوەی نیە قسە لەسەر كەسێك بكات كە دەستگیردەكرێت، تا ئەو كاتەی بە بڕیاری دادگا دۆسیەكەی یەكلادەبێتەوە، ناشتوانرێت هیچ تاوانێك بخرێتە پاڵ تۆمەتبار تا بڕیاری كۆتایی لەلایەن دادگاوە دەرنەچێت.

جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان وتیشی، “كاتێك یەكێك لە بادینان دەستگیردەكرێت بە مانای ئەوە نییە مەسرور بارزانی تۆمەتبارە یان لە سلێمانی قوباد تاڵەبانی تۆمەتبارە بۆیە كاتێك رۆژنامەنووسێك پرسیاریان لێدەكات هەق نیە ئەمان بە رۆحیەتێكی حزبی وەری بگرن و حزبیانەش وەڵام بدەنەوە، بەڵكو ئەمان بەرپرسی دەوڵەتن و دەبێت وەكو بەرپرسی دەوڵەت وەڵام بدەنەوە”.

رۆژی 10ی ئەم مانگە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەبارەی دەستگیركراوەكانی بادینان وتی، “ئەوانەی دەستگیركراون نە چالاكوانن نە رۆژنامەنووسن، بەڵكو هەندێكیان سیخوڕ بوون و هەندێكیشیان تێكدەر بوون و بەرگی رۆژنامەنوسیان لەبەركردووە”.

ئەو قسانەی سەرۆكی حكومەتیش لە كاتێكدایە تا ئێستا دەستگیركراوانی بادینان دادگایی نەكراون و دۆسیەكەیان یەكلا نەبووەتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا