راگەیاندنە وەرزشییەکان دەبێت زیاتر رۆڵی کاریگەری خۆیان ببینن

پۆله‌تیك سپۆرت

نەبەز محەمەد عەلی

بریا سلیمان عوسمان شیروانی ناسراو (پەرێز شیروانی) لە هەولێر لەگەڕەكی ئازادی لەدایك بووە و ئیستاش هەر لەوێ دەژی، پەرێز لە خوێندنگاکانەوە دەستی بە وەرزش کردووە، دواتر لەگەل هەڵبژاردەی پەروەردەی هەولێر بەشداریی پاڵەوانێتی پارێزگاکانی عیراقی كردووە.

ساڵی 2007 چووەتە ڕیزی یانەی ئافرەتانی هەولێر، دواترو ساڵی 2017 چۆتە ڕیزی یانەی هەولێر و تا ئێستاش لەو یانەیە بەردەوامە.

پەرێز دەرچووی پەیمانكای وەرزشییە، دواتر کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی تەواو کردووە، جگە لە تۆپی دەست یاریزانی تۆپی پێیەو لە یاریەکانی گۆڕەپان ومەیدان و باسکەشدا توانایەکی باشی هەیە، لەو وەرزشانەدا بەشداریی لە چەندین پاڵەوانێتی کوردستان و عێراقدا کردوە، چەندین نازناوی بەدەست هێناوە ئێستاش لە ڕیزی هەڵبژاردەی عێراق یاریدەکات.
بۆ بەسەر کردنەوەی ئەم کچە وەرزشکارە، ئەم دیدارەمان لەگەڵ ئەنجامداو ئەویش بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە؛

 

*وەرزشی کچان چۆن دەبینی؟
-خۆتان دەزانن لە کۆمەڵگاماندا وەرزش بۆ خانمان چۆنە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەردەوامین و کچان لە ڕیزی یانەکان دەبینن بەردەوام دێنە پێشەوە بۆ یاریکردن و ئاستیشیان زۆر باشە.
لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بە داخەوەم لە کوردستاندا گرنگی زۆر بەوەرزشی خانمان نادرێت، تەنانەت زۆرکات حسابیشیان بۆ ناکرێت، ئەوەتا لەئێستادا دەڵێن کە یارییەکت کرد، ئیتر ناتوانی یاریەکی تر بکەیت، من نازانم ئەم بڕیارانە لە کوێوە دێنن، چۆن وەرزش ئاوا پێشدەکەوێت؟.

*وەرزشی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
-وەرزش لە کوردستان هەر بەڕێکردنە، ساڵی جارێک ئەگەر خولێک یان پاڵەوانێتییەک لە چەند رۆژێکی کەمدا بکرێتەوە، بەو شێوەیە وەرزش چۆن پێشدەکەوێت.
لەوەش گرنگتر ئەوەیە خانمان لە پۆستە وەرزشییەکاندا کەمن، خۆزگە گشت پۆستە وەرزشیەکان لە کوردستان و عێراق خانمانی زیاتری تیا بوایە چونکە قۆرخ کراوە بۆ پیاوان.
سەرباری هەموو ئەمانە، لە کوردستان ئەوەی حسابی بۆ نەکرێت وەرزشەکانی وەک تۆپی دەست و بالە و باسکەو گۆڕەپانو مەیدان فەرامۆش کراون، جگە لە تۆپی پێ، وەرزش ئاوا ناڕوات بەڕێوە، ئەگەر ئەم بەرپرسانەی ئێستا پێتان ناکرێت با وازی لێبێنن و دورکەونەوە.

 

*رۆڵی راگەیاندنەکان لە بواری وەرزشدا چۆن دەبینیت؟
-من دێمە سەر ڕگەیاندنەکان و ده پرسم کوان و لەکوێن بۆ ڕۆڵی خۆیان بەباشی نابینن، بۆ لەسەر خراپ بەڕێوەبردنی وەرزش و قۆرخکردنی دەسەڵاتی وەرزش لە کوردستاندا نانوسن؟ تەنیا لەکاتی خول و پاڵەوانێەیەکاندا دەردەکەون، تەنیا گرنگی بەوەرزشی جیهانی دەدەن، با ڕێگاخۆشکەر بن بۆبەرەو پێشبردنی وەرزش، گەلان و وڵاتانی جیهان بەهۆی وەرزشەکەیانەوە دەناسرێن، بەڵام لای ئێمە بەپێچەوانەوەیە.

*دوا قسەت چییە؟
-هیوادارم هەوڵی جدی بدرێت بۆ زیاتر خزمەت کردنی وەرزش، با ئێوەش لە راگەیاندنەکان ڕۆڵی کاریگەرتان هەبێت و ببنە مینبەرێک بۆ بەرەوپێش بردنی وەرزش لە کوردستان، ئێوە گرنگی بەوەرزشی خانمان دەدەن، لەبەر ئەوە هیوای بەردەوامیتان بۆ دەخوزاین و دەستخۆشیتان لێدەکەین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا