كاریگەری هەوكردنی كۆئەندامی میزو میزەڕۆ لەسەر خانمانی دووگیان

ئەم بابەتە 212 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس:
ئەو خانمانەی، كە دووگیانن ڕێژەیەكی زۆریان تووشی هەوكردنی كۆئەندامی میزومیزەڕۆ دەبن.

لەبارەی كاریگەرییەكانی وەها حاڵەتێكەوە د. كاوە فەقێ ڕەحیم پسپۆڕی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی میزو میزەڕۆ دەڵێت: چەند هۆكارێكی هەیە ئەو حاڵەتە، بۆ نموونە هۆرمۆنی مێینە لەكاتی دووگیانیدا زۆر زیاد دەكات و لەگەڵ هەندێك هۆرمۆنی دیكە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كۆئەندامی میزومیزەڕۆی ژنان فراوان بێت و كەمێك سست بێت بەتایبەتیش بۆری گورچیلە لەگەڵ حەوزی گورچیلە چالاكی كەمتر دەبێتەوە.

ئەو پزیشكە پسپۆڕە دەشڵێت: لەبەر ئەوەی، كە منداڵدان فشار دەخاتە سەر بۆری گورچیلەكان هەڵئاوسانێكی سروشتی لەگورچیلەكەدا ڕوودەدات، هەموو ئەمانە دەبێتە هۆی ئەوەی، كە میز زیاتر بمێنێتەوە لە لەسیستەمی میزومیزەڕۆی خانمە دووگیانەكەدا، ئەمەش لەزانستی پزیشكیدا دەركەوتووە، كە لە هەرشوێنێكدا پەنگخواردنەوە ڕووبدات زیاتر ئامادەگی هەیە بۆ ئەوەی، كە بەكتریا بگاتە ئەو شوێنەو گەشە بكات و هەوكردنەكە دروست بكات، بۆیە ئێمە زۆرجار ئەگەر نەخۆشێك كەڵچەری میزی بۆ بكەین و پۆزەتیف بێت و هیچ نیشانەیەكی هەوكردنی نەبێت لەكەسێكی گەورەو لەحاڵەتی ئاساییدا ئەمە پێویست ناكات عیلاج بكرێت، بەڵام لەكاتی دووگیانیدا ئەگەر نەخۆشەكە هیچ نیشانەیەكیشی نەبێت، بەڵام پشكنینی میزەكەی دەریبخات ئەم نەخۆشە هەوكردنی هەیە پێویستە چارەسەر بكرێت.

دكتۆر كاوە فەقێ جەختیشیكردەوە، دەركەوتووە و لێكۆڵینەوە كراوە، كە (10%)ی ئەو خانمە دووگیانانەی كە بەكتریا لەمیزەكەیاندا هەیە ئەگەر بێت و چارەسەر نەكرێن تووشی هەوكردنی گورچیلە دەبن لەداهاتوویەكی نزیكدا، لەبەر ئەوە پێویستە زۆر ئاگاداری بین بەتایبەت بۆ خانمانی دووگیان، چونكە ئەگەر ڕێژەی هەوكردنی كۆئەندامی میزومیزەڕۆی نەخۆشەكە بەشی سەرەوەی كۆئەندامی میزومیزەڕۆ بێت‌و لەگەڵیشیدا هەوكردنی گورچیلەو گیرانی گورچیلەی هەبێت، ئەمە ئەگەری زۆرە هەوركردنەكە بڵاوبێتەوە بەناو جەستەی نەخۆشەكەداو وادەكات، كە دایكەكە زوو ژانی منداڵبوون بیگرێت و منداڵەكەی بە (نابەكام)ی لەدایك ببێت و ئەگەریشی هەیە مەترسی لەسەر ژیانی دایكەكەو كۆرپەكەش دروست بكات.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک