پۆڵه‌تیك پرێس
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق چه‌ند زانیاریه‌كى گرنگ له‌سه‌ر دانوستانه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا ئاشكراده‌كات و ده‌ڵێت “هه‌رێم نه‌رمى زۆرى نواندووه و چاوه‌ڕوانده‌كرێت هه‌ردوولا بگه‌نه ڕێككه‌وتن”.
دواى ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌ى رابردوودا شاندی هەرێم سەردانی بەغداى كرد، بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ى رێككه‌وتن له‌سه‌ر پرۆژه بودجه‌ى گشتى 2021ى عێراق و پشكى كورد له‌و پرۆژه‌یه، دواى چه‌ندین كۆبونه‌وه به‌بێ هیچ ئه‌نجامێك گه‌ڕانه‌وه و بڕیاریانداوه جارێكى دیكه نه‌چنه‌وه به‌غدا.
به‌شیر حه‌داد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵه‌تیك پرێس وتى:”ئێمه تائێستا نازانین شاندى هه‌رێمى كوردستان جارێكى دیكه سه‌ردانى به‌غدا ده‌كاته‌وه یاخود نا، به‌ڵام له سه‌ردانه‌كانى پێشتریان ئه‌وه‌ى پێویست بووه له‌گه‌ڵ به‌غدا كردویانه، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى لیژنه‌ى دارایى داوای كردووه پێیانداون”.
وتیشى، ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه لاى حكومه‌تى عێراق و لایه‌نه سیاسیه‌كانه كه وه‌ڵامى حكومه‌تى هه‌رێم بده‌نه‌وه، یاخود ده‌قێك دابنێن له‌ناو پرۆژه یاسایى بودجه‌دا په‌یوه‌ست به پشكی هه‌رێم، كه هه‌ردولا پێى رازیبن و له چوارچێوه‌ى ده‌ستورى عێراقدا بێت.
به‌وته‌ى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانی عێراق “لیژنه‌ى دارایى كاره‌كانى خۆى له‌باره‌ى پرۆژه بودجه‌كه ته‌واو كردووه، ئه‌و پێشنیازانه‌ى كردوویه‌تى پێشكه‌ش به حكومه‌ت كراوه، حكومه‌تیش ئێستا سه‌رقاڵى دیراسه‌كردنیه‌تى، لێكنزیكبونه‌وه و لێكتێگه‌یشتنێكى باش له‌نێوان هه‌ردولادا هه‌یه بۆ گه‌یشتن به ڕێككه‌وتن، چاوه‌ڕێده‌كرێت ئه‌و ده‌قه‌ى له حكومه‌ته‌وه بۆ په‌رله‌مان ده‌نێردرێته‌وه، ڕه‌زامه‌ندى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانى له‌سه‌ر بێت”.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى له ئه‌گه‌رى ڕێكنه‌كه‌وتنى هه‌ردولا چاره‌نوسى بودجه و موچه‌ى هه‌رێم چى به‌سه‌ر دێت، به‌شیر حه‌داد وتى “تائێستا ئێمه له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین ئه‌گه‌ر ڕێككه‌وتنێكى ته‌واو له‌سه‌ر پرۆژه بودجه‌كه نه‌بێت، ناخرێته ده‌نگدانه‌وه بۆ تێپه‌ڕاندن، هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامه بۆ ئه‌وه‌ى به‌بێ ڕێككه‌وتن نه‌خرێته ده‌نگدانه‌وه، چونكه وڵات به‌بێ بودجه بێت باشتره وه‌ك له‌وه‌ى بودجه‌یه‌ك تێپه‌ڕێت، ببێته هۆى ناكۆكى لایه‌نه‌كان و كێشه‌ى عێراق و هه‌رێم”.
به‌شیر حه‌داد جه‌ختیكرده‌وه كه سه‌قفێكى زه‌مه‌نى دانه‌نراوه تا كه‌ى چاوه‌ڕێى عێراق بكه‌ن، به‌ڵام “تا زوبێت باشتره” چونكه بارودۆخى ئابورى و سیاسیش له چاوه‌ڕوانى تێپه‌ڕاندنى یاسایى بودجه‌دایه ئه‌وه‌ى باباتى بودجه‌ى دواخستووه ته‌نها پشكى هه‌رێم نییه، به‌ڵكو چه‌ند كێشه‌یه‌كى دیكه هه‌یه لایه‌نه‌كانى سوننه و شیعه پێى رازى نین هه‌وڵى گۆڕانكارى ده‌ده‌ن، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن تا له ئاینده‌یه‌كى نزیكدا پرۆژه یاساكه به رێككه‌وتن تێپه‌ڕێت یان كێشه‌ى بۆ دروستبكرێت.
جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان باسى له‌وه‌شكرد، حكومه‌تى هه‌رێم به‌رانبه‌ر به‌غدا نه‌رمیه‌كى زۆرى نواندووه، ده‌توانرێت بوترێت ئه‌و مه‌رجانه‌ى به‌غدا و لایه‌نه سیاسیه‌كان دیانناوه جێبه‌جێكراوه، له‌به‌رانبه‌ریشدا لایه‌نه شیعى و سوننییه‌كان نه‌رمى باشیان نواندووه و گفتوگۆكان ئیجابى ترن، بۆیه چاوه‌ڕێده‌كرێت هه‌ولێر و به‌غدا بگه‌نه ڕێككه‌وتن.