هەرێم.. ڕێژەی مردن بەكۆرۆنا بەراورد بەرێژەی تووشبوون لەئاستێكی بەرزدایە

پۆڵەتیك پرێس:
تائێستا لەهەرێمی كوردستان 732 كەس بەڤایرۆسی كۆرۆنا گیانی لەدەستداوە و بەقسەی بەرپرسانی تەندروستیش، رێژەی مردن لە چاو تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە “ئاستێكی بەرز” دایە.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان، لەكۆی 244972 حاڵەتی پشكینین، 20660 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، كە لەو رێژەیەش 732 كەس گیانی لەدەستداوە و 11207 چاكبوونەتەوە.

لەبارەی ئەو ئامارانە و بەراورد بەوڵاتانی ناوچەكە و جیهان، محەمەد قادر خۆشناوی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكیدا بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: ڕێژەی تووشبوون‌ و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان روو لەزیابوونە و ئەگەر هاووڵاتیان پابەندنەبن و تاكپارێزی نەكەن ئەوا ڕێژەكە بەرەو زیادبوون دەچێت.

محەمەد قادر وتیشی: ڕێژەی مردن بەراورد بەو رێژەیەی تووشبوون لەهەرێمی كوردستان لە ئاستێكی بەرزدایە، بەبێ‌ ئەوەی روونكردنەوەی زیاتر لەو بارەوە بدات.

هەر لەو بارەوە هێرش سەید سەلیم، جێگری بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی باسی لەئامارەكان كرد و لەلێدوانێكی بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: رێژەی ئەو كەسانەی پشكینیان بۆ دەكرێـت لەهەرێم كەمە، بۆیە ئاساییە رێژەی مردنەكان زۆر بێت.

هێرش سەید سەلیم وتیشی: رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لەخەڵكی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبن ‌و پشكنین ناكەن، بەوەش ناتوانین رێژە و داتای تەواوی وەربگرین، بەڵام ئەو رێژەیەی ئێستا هەیە، لەئاستێكی ستانداردی جیهانییە.

بەپێی ستانداری جیهانی، كە رێكخراوی تەندروستی جیهانی دیاریكردووە، دەبێت رێژەی مردن بەڤایرۆسی كۆرۆنا، كەمتر بێت لە 3.5٪، كە لە كوردستان رێژەكە لەو ژمارەیەش كەمترەو رێژەی مردن لە دوو هەفتەی رابردوو 2.6٪ بووە، بەڵام ئەوەی بووەتە مایەی نیگەرانی ژمارەی مردووان روو لەزیادبوونە، چونكە پێش ئەو هەڵكشانە رێژەی مردن لەهەرێم 0.8٪ بووە.

وەزارەتی تەندروستی رۆژانە ئاماری ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاودەكاتەوە و رۆژی شەممەش 15ی ئاب، ئاماری هەفتەی رابردوو “7 ئاب بۆ 13” بڵاودەوە و بەپێی ئەو ئامارەش 101 كەس لەو ماوەیە بەڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا