بەیەكداچوونی بەرژەوەندی

لە زانست و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمیدا، دەبێت زانیاری لە كەسی بێلایەن وەربگیرێت، و نابێت زانیاری لە كەسێك وەربگیرێت كە لایەندار بێت یان وتنی ڕاستیەكان لە بەرژەوەنیدا نەبێت.

ئەگەر زانیاری لە كەسێك وەربگیرێت كە بەرژەوەندی لەو وتنی ڕاستیەكاندا نەبێت، پێی دەوترێت بەیەكداچونی بەرژەوەندی و زانیاریەكان بەهای زانستیان نابێت و لێكۆڵینەوەكەش قورسایی نامێنێت.

لەم ڕۆژانەدا جێگری سەرۆكی حكومەت، قوباد تاڵەبانی، لە لێدوانێكدا وتویەتی گوایە (١١% ی نەوتی هەرێم لە پارێزگای سلێمانیدایە) و ئەم پارێزگایە ناتوانێت خۆی بژێنێت. ئەمە یەكەمجار نیە زانیاری هەڵە و لێدوانی نادروستی لەم جۆرە لەلایەن تیمی حكومی و پەرلەمانی یەكێتی و گۆڕانەوە دەدرێت لە هەولێر.

وەكو دەڵێن (١١% ی بەرهەمهێنانی نەوت) لە دەڤەری سەوزە، ئەی بۆ ناڵێن (٦٥%ی یەدەگی نەوت و ٨٠%ی یەدەگی گاز)یش هەر لەم دەڤەرەیە.

زۆرینەی نەوت و گاز لەم زۆنەیە، بەڵام بەهۆی لاوازی تیمی یەكێتی و گۆڕان لە حكومەتدا، پارتی لە ڕێی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە زۆرینەی وەبەرهێنانی لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆكدا كردوە، و بیرەكانی پارێزگای سلێمانی فەرامۆش كردوە.

واتە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كە بەدەست پارتیەوە، وایكردوە كە كۆمپانیا گەورەكانی بواری نەوت، زیاتر لە سنوری زەرد وەبەرهێنان بكەن و نەوت دەربهێنن.

تەنانەت كارێكیان كردوە كە ئەو بیرانەی پێشتر لەم سنورە هەبون بەرەو وشك بچن. بۆ نمونە نەوتی شیواشۆك، بە ئەنقەست بە شێوازێكی زۆر نازانستیانە نەوتی لێدەردەهێنن، بۆ ئەوەی بەرەو كەمبونەوە و وشك بون بچێت. ئەمانەش لە پێناوی ئەوەدا كە خەلكی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین بكەن بە كۆیلە و بیانگەیەننە ئەو بڕوایەی كە ناتوانن خۆیان بژێنن و تەسلیمی ئیرادەی پارتی بن.

كاتی خۆی كاك نەوشیروان هەمان پرسیاری لە تیمی وەزاری گۆڕان كردبوو لە هەولێر و وتبوی ئایا پارێزگای سلێمانی دەتوانێت خۆی بژێنێت؟ لە وەڵامدا تیمی وەزاری گۆڕان، بەتایبەتتر وەزیری دارایی ئەوكات، كۆمەڵێك زانیاری ناڕاستی دابوو بە كاك نەوشیروان و وتبوی نەخێر سلێمانی ناتوانێت خۆی بژێنێت.

ئەگەر پارێزگای سلێمانی بتوانێت خۆی بژێنێت و ببێت بە هەرێمێكی سەربەخۆ، وەزیرەكانی یەكێتی و گۆڕان كارەكانیان لەدەست دەدەن. كەواتە ناچارن زانیاری هەڵە و نادروست بدەن بە حزبەكانیان و بڵێن ئەم سنورە ناتوانێت خۆی بژێنێت، بۆ ئەوەی خۆیان لە پۆستەكانیاندا بمێننەوە. كەواتە زانیاری و لێدوانەكانی تیمی حكومی یەكێتی و گۆڕان و تەنانەت هەندێك پەرلەمانتاریان كە نزیكن لە پارتیەوە، جێی باوەڕ نیە و بەیەكداچونی بەرژەوەندیە و بەهای نیە.

ئەمە یەكەم، دووهەم لە ڕوی سیاسی و ئابوریەوە لە جیهاندا گاز لە نەوت زۆر گرنگترە. زۆربەی گازی كوردستان كەوتۆتە سنوری پارێزگای سلێمانی و چەمچەماڵ و قادر كەرەمەوە. دیسان وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كارێكی كردوە كە ئەو گازە لە جیاتی ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ ئەم دەڤەرە، بوەتە سەرچاوەی قەرزاری.

وڵاتێكی وشك و بیابانی وەكو قەتەر، تەنها گازی هەیە و بووە بە یەكێك لە وڵاتە دەوڵەمەندەكانی ناوچەكە. ئێمە لەم دەڤەرەدا جگە لە گاز، نەوتمان هەیە، هەروەها زەوی بەپیتی كشتوكاڵیمان هەیە، هەروەها هەندێك پیشەسازیمان هەیە كە دەتوانین پێشیبخەین، هەروەها ناوچەی گەشتیاریمان هەیە كە دەتوانرێت بكرێت بە سەرچاوەیەكی گەورەی داهات بۆ سنورەكە.

ئەمە جگە لە داهاتە ناوخۆیی و گومرگیەكان. هەر بۆ زانیاری هەتا ئێستا بایی نزیكەی ٢٠ ملیار دۆلار گازی چەمچەماڵ بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێمی كوردستان ڕۆشتوە، كە زۆرینەی بۆ وێستگەكانی هەولێر و دهۆك بووە.

ئێستا كارەبای سنوری زەرد باشترە لەم سنورە، لەكاتێكدا هەم سەرچاوەی گاز بۆ وێستگەكانی كارەبا لەم سنورەیە، هەم بەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخان كە كارەبا بەرهەم دەهێنن لەم سنورەن. واتە سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی ئەم سنورە دەچێتە خزمەتی زۆنی زەردەوە، لەبەرامبەر پێدانی هەندێك پۆستی بێدەسەڵات بە یەكێتی و گۆڕان.

لە دوایدا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە لەسەروەختی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەدا، لەگەڵ كۆمەڵێك برادەردا سەردانی كاك محمد ئەمین پێنجوێنیمان كرد؛ ئەویش ئەم بەسەرهاتەی بۆ گێڕاینەوە؛ وتی ئاخیر جار كە چوە بۆ لای كاك نەوشیروان، پێی وتوە كە گۆڕان و یەكێتی، ڕاستر (كاك نەوشیروان و هێرۆ خان) ڕێكەوتون كە گازی چەمچەماڵ لە ڕێی بۆریەوە بگەیەننە سەر دەریای قەزوین یان كەنداوی فارس، وتویەتی تەنانەت ئەمریكیەكانیشمان ڕازیكردوە، چونكە ئەم دەڤەرە لە ڕوی جوگرافیەوە چاری نیە و تەنها سنوری بە ئێرانەوەیە.

كاك نەوشیروان وتویەتی كێبڕكێی سیاسی و سەربازی لەگەڵ پارتیدا دەگۆڕین بۆ كێبڕكێی ئابوری و ئەم ناوچەیە دەكەین بە ناوچەیەكی خۆشگوزەران و دەوڵەمەند و پێشكەوتو. بەداخەوە ئەوان لە گۆڕەپانی سیاسی دوركەوتنەوە و كۆمەڵێك پۆست پەرست جێی گرتنەوە.

بەڵام خەلكی ئەم دەڤەرە چیتر چاوەڕێی تیمی حكومی یەكێتی و گۆڕان ناكەن و درەنگ یان زوو بڕیاری خۆیان دەدەن.

بەیار عومەر

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا