یەكێتی هۆكاری دەنگنەدانی بە ئومێد خۆشناو ئاشكرا دەكات

ئەم بابەتە 180 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس

فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئاشكرای دەكەن بەهۆی ئەوەی پارتی لە هەولێر قۆرخی دەسەڵاتی كردووە دەنگیان بە ئومێد خۆشناو كاندیدی پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر نەداوە.

سازگار دڵشاد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، پارتی هەموو دەسەڵاتەكانی حكومەتی خۆجێی هەولێری بۆخۆی قۆرخكردووە و ئامادەنییە بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن مامەڵە لەگەڵ یەكێتی بكات لەكاتێكدا حزبی دووەمە لە سنوری پارێزگای هەولێر.

وتیشی، “بەهۆیەوە دەنگمان بە ئومێد خۆشناو نەدا، چونكە هەولێر شاری پێكەوە ژیانە بریتی نییە لە شاری یەك حزب و دۆست و لایەنگری یەك حزب، ئێمەش دۆست و لایەنگرانی خۆمان هەیە بۆیە دەنگیان پێداوین ئیشیان بۆبكەین، كاتێك پشكی خۆمان پێنەدرێت لە حكومەتی خۆجێی چۆن بتوانین خزمەتی دەنگدەرو ئەندامانی خۆمان و هاوڵاتیانی هەولێر بكەین”.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی 2014ی ئەنجومەنی پارێزگاكان، یەكێتی خاوەنی شەش كورسی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرە و دووەم دەنگی پارێزگاكەیە بەمەش بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن دەبوو خاوەنی جێگرێكی پارێزگار و سێ قائیمقام و حەوت بەڕێوەبەری گشتی و حەوت بەڕێوەبەری ناحیە بوایە، بەڵام بەرپرسانی یەكێتی باس لەوە دەكەن تا ئێستا پارتی لە پارێزگای هەولێر هیچ پۆستێكی حكومەتی خۆجێی هەولێری نەداوەتە حزبەكەیان.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک