پۆڵەتیک پرێس
حسێن سلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریدایە وڵاتانی دراوسێ لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و وتی: هەر شوێنێک دەوڵەتی ئیسرائیلی لێبێت، ئاگری لێیە.
سەلامی بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاند، هۆشداری دەدەینە وڵاتانی دراوسێ کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردووەتەوە، “ئیسرائیل درەختێکی نەفرەتلێکراوە و جگە لە ئاگر و نائارامی هیچیتر لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، رێگادان بە ئیسرائیل بەوەی لە وڵاتانی کەنداو جێپێی هەبێت، دژی بەرژەوەندییەکانی عەرەب و موسوڵمانانە.
باسی لەوەشکرد، ئاوی کەنداو گرنگترین بەرەی بەرگری ئێرانە و هێزەکانمان بەباشی ئامادەن روبەڕوی دوژمنان ببنەوە، وتیشی: هێزە دەریاییەکانی ئێران توانای ئاشکراکردن و روبەڕوبوونەوەی کەشتی جەنگی دوژمنەکانی هەیە و لەو بوارەشدا زیاتر پەرە بەخۆی دەدات.
رۆژی یەکشەممەش، مەجید تەخت رەوانجی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریدا لەبارەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەکەی و جەختی لەوەکردەوە، هەر جوڵە و هەڕەشەیەکی هەڵەی ئیسرائیل وەڵامی ئێرانی لێدەکەوێتەوە.