مەڵبەندی یەكێتی لە دهۆك: كەناڵی روداو دەدەینە دادگا

پۆڵەتیك پرێس

بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی نیشتیمانی هەواڵی میدیایەكی پارتی بەدرۆ دەخاتەوەو رایدەگەیەنێت لە سنورەكەیان هیچ بەرپرسێكی یەكێتی هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی نەكردووە، دەشڵێت “ئەو میدیایەی پارتی دەدەینە دادگا”.

ئاراس محەمەد ئەندامی سەركردایەتی كە هاوكات بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتییە لە دهۆك بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، میدیایەكی پارتی كە رووداوە باسی لەوەكردووە گوایە ژمارەیەك پەرلەمانتارو بەرپرسی یەكێتی لەسنوری بادینان هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەیان كردبێت ئەگەر بێت و پرسی لامەركەزیی یان مامەڵەی سەربەخۆی سلێمانی لەگەڵ بەغدا باس بكرێت.

وتیشی، “ئەو میدیایە ئەمە یەكەمجاری نییە بەناوی ئەوانەوە شت بڵاوبكاتەوە، بۆیە سەرەڕەای ئەوەی قسەكانی رەتدەكەینەوە هاوكات سكاڵای یاسایشیان لەسەر تۆماردەكەین، چونكە هیچ كەسێك لە ئێمە ئاگاداری شتی وا نییە كە چووە بەناوی ئێمەوە ئەو شتانەی بڵاو كردوەتەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەرپرسانی یەكێتی لە بادینان لەگەڵ بڕیاری هاوسەرۆكانن، هاوسەرۆكانی یەكێتی هەرچی بڵێن ئەوان ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكەن.

بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە دهۆك دەشڵێت، “پارتی لەرێگەی میدیاكانییەوە سەرقاڵی چەواشەكارییەو دەیەوێت ئەو قەیرانانەی كە دروستیانكردووە لەبیری خەڵكیان بباتەوە”.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، پێشتر كەناڵی روداو كە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی خاوەندارێتی دەكات بڵاویكردەوە گوایە ژمارەیەك بەرپرس و پەرلەمانتاری یەكێتی هەڕەشەی ئەوەیان كردووە دەست لەحزبەكەیان دەكشێننەوە ئەگەر بێت و یەكێتی بیەوێت بەشێوەی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا