پۆڵەتیک پرێس
لەدوای کۆبوونەوەکەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە جوتیارانی بەسڕە بڕیاردرا بە رێگریکردن لە قاچاخچێتی بەروبومە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو شارەکانی دیکەی عێراق.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە دیالە رایگەیاند، لەدوای کۆبوونەوەکەی کازمی و جوتیارانی بەسڕە، بڕیاردرا بە رێگریکردن لە قاچاخچێتی بەروبومە کشتوکاڵییەکان بەرێگای وشکانی دیالە لە هەرێمەوە بەرەو بەغدا و لەوێشەوە بەرەو پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، بازگە ئەمنییەکان کارەکانیان چڕتر و وردتر کردووە و چاودێری هەموو جموجوڵەکان دەکەن و بەمهۆیەوە ژمارەیەک بارهەڵگر کە بەروبومی کشتوکاڵی قەدەغەیان پێبووە کۆنتڕۆڵکراون.
لەلایەکی دیکەوە رەعد تەمیمی، سەرۆکی کۆمەڵەی جوتیاران لە دیالە ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆسەی قاچاخچێتی بەروبومی کشتوکاڵی لە کوردستانەوە بەرەو دیالە بەچەندین رێگای جیاواز ئەنجام دەدرێت، هەندێک جار تێکەڵ بە شمەکی دیکە دەکرێت و دەشاردرێتەوە و قاچاخچێتی پێوەدەکرێت.
تەمیمی ئەوەیخستەڕوو، هیواخوازە فەرمانەکانی کازمی ببێتەهۆی رزگارکردنی جوتیارانی دیالە و تەواوی پارێزگاکانی دیکە و بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵی عێراق.
رۆژی یەکشەممە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق چاویکەوت بە یەکێتی گشتی کۆمەڵەی جوتیاران و ژمارەیەک جوتیاری بەسڕە و لەگەڵیان کۆبووەوە.