ژن لەخەباتی چەكداری پەكەكەدا

پۆڵەتیك پرێس:
36 ساڵ بەسەر دامەزراندنی خەباتی چەكداری پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە تێپەڕی، كە ئەو رێكخراوە چەكدارییە جیاواز لەرێكخراوەكانی تری چەكداری گرنگییەكی زۆر بەپرسی ژنان دەدات‌و رێژەیەكی زۆر ژنی لەدەوری خۆی كۆكردووەتەوە.

پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) پارتێكی كوردی باكوری كوردستانە 1978 وەك پارتێكی ماركسی-لینینی دامەزرا، بەڵام 36 ساڵ لەمەوبەرو لە 15ی ئابی ساڵی 1984دا شێوازی خەباتی بۆ چەكداری گۆڕی، كە بە (هەڵمەتی ١٥ی تەباخ) ناسراوەو ئێستا ژن بووەتە بەشێكی گرنگی ئەو رێكخراوە چەكدارییەو خەباتەكەی.

 

یەكەمین ڕێكخستنی تایبەت بە ژنان ساڵی ١٩٨٧ پێكھێنراوەو ناوی لێنراوە یەكینەی ژنانی وڵاتپارێزی كوردستان

 

یەكەمین ڕێكخستنی تایبەت بە ژنان ساڵی ١٩٨٧ پێكھێنراوەو ناوی لێنراوە (یەكینەی ژنانی وڵاتپارێزی كوردستانYekitiya Jinen Welatparezen Kurdistan (YJWK))، كە بە یەكەمین رێكخستنی ژنان دادەنرێت گوزارشت لەھێزی رێكخستوویی ژنان بكات لەناو پەكەكەدا، بەگشتییش نوێنەرایەتی لەیەكەمین رێكخستنی ژنانی كورد كرد YJWK، زۆرتر چالاكییەكانی لە گۆڕەپانی ئەوروپا و لەسایەی (بەرەی نیشتمانی رزگاریخوازی كوردستان)دا ئەنجامداوە.

ساڵانێكە زیھنیەتی باوكسالاری و دەسەڵاتداری بەسەر ژناندا لە كۆمەڵگای كوردستاندا رەگی داكوتیوە، بۆیە خەباتی چەكداری و سەربەخۆبوونی ژنانیش لەناو پەكەكەدا لە سەرەتادا بەئاسانی قبووڵ نەكراوە و دژایەتی كراوە، بەڵام ھەڵوێستی نەگۆڕی ژنان‌و قووڵبوونەوەیان لەفكر و تێڕامانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەكەكە ھۆكارێكی گرنگ بووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو جۆرە لە زیھنیەت و بیركردنەوەی پیاوانی ناو ریزەكانی پەكەكە.

ئەم سووبوونە بووە هۆی ئەوەی ژنان ھێزی خۆیان یەكخست‌و بە پێچەوانەی زیھنیەتی ھەزاران ساڵەی پیاوسالاری، ھەوڵەكانیان بەگەڕخست و لە چوارچێوەی (خۆشویستنی ژن، ناسینی ژن، تێكۆشانی ژن) دەستیان بە خەبات كرد.

هەر لەو چوارچێوەیە دوای چەند ساڵێك لەراگەیاندنی خەباتی چەكداری‌و لە ساڵی ١٩٩٥ یەكینەی ئازادی ژنانی كوردسان (یاژك) Yekitiya Azadiya Jinên Kurdistan) (YAJK) دروست بوو.

لێرە بەدواوە، ھێزی ژنبوون وەك مرۆڤێكی سەربەخۆ، چووە ئاستی بەڕێوەبەری لە كۆمیتەی گشت پەكەكە، بە ھاوبەشی لەگەڵ پیاواندا (كۆمیتەی ئازادی و وەك ھەوی)یان دروست كرد،

 

لێرە بەدواوە، ھێزی ژنبوون وەك مرۆڤێكی سەربەخۆ، چووە ئاستی بەڕێوەبەری لە كۆمیتەی گشت پەكەكە

 

لەو قۆناغەدا جیاواز لەپەرەوەردەی تایبەتی ژنان بە سەربەخۆیی، ژن لە ناو پەكەكەدا تەنیا خۆپەروەردەكردن بە ئەركی خۆی نازانێت، بەڵك پەروەردەی پیاوانیش دەكات لەسەر ئەو بنەمایەی چەندە ژنان سەربەخۆبن و بەرەو پێش بچن و پیاوان لە ناو زیھنیەتی پیاوسالاری و نەناسینی ژندا بن گۆڕانكاری دروست نابێت و پێشكەوتنی زیھنیەت بەرەو پێش ناچێت.

هەر لەو چوارچێوەیە، لەساڵی ١٩٩٧-١٩٩٨ (تیۆری دابڕان) لەسەر بنەمای بیردۆزەی رزگاریی ژن وەك ھەنگاوێكی ستراتیژی و گرنگ لە مێژووی خەباتی ژنانی پەكەكەدا دەستیپێكرد، كە لە ٨ی ئاداری ١٩٩٨ ڕاگەیەنرا.

تیۆری دابڕان چییە؟
تیۆری دابڕان یان تیۆری ئازادیی ژن یان بیردۆزەی رزگاری ژن Bîrdoziya Rizgariya Jinê پێكدێت لە: دابڕان لەتێگەیشتنی ھەزاران ساڵەی باوی پیاوسالاری، ژنان لەم تیۆریەوە دادەبڕێن لەپیاوان، لە سێ خاڵی سەرەكیدا:
یەكەم: لە بواری فیزیكیدا، بە پێی ئەم بیردۆزەیە ژنان وەك چەشنێكی لاواز و بێ ھێز تەماشا ناكرێن، چەشنێكی لاواز كە بۆ بەدیھێنانی خۆی بە چەشنی پیاوانەوە بەسترابێت، بەڵكو ھێزی ژن وەك تواناییەكی سەربەخۆ دەناسرێتەوە و دەكرێتە بنچینەی رێكخستنی ژنان. ئەم بیردۆزەیە كلێشەی پیاوی بەھێز/ژنی لاواز تێدەپەرێنێت و متمانە و ھێز لە دەرەوەی كلێشەكانەوە بۆ ژنان دەگێرێتەوە.

دووەم: لە بواری رۆحیدا. بەو واتایەی ژنان لە بواری ھەست و سۆزدا بە ھەرچی دەگەن و بەرھەم دەھێنن بۆ پیاوان بووە، بەڵام تیۆری دابڕان پێشنیار دەكات بەبێ گەرانەوە بۆ سەرچاوەیەك كە پیاوان بێت، ژن ببێتە خاوەنی داھێنانی ھونەری لە ھەموو فۆرمەكانیدا.

سێیەم: لە بواری فیكریدا. بە پێی ئەم تیۆرە تا ئێستا زانستەكان بە پێی باوك-پیاو دا بەرھەم ھاتووە و تیایدا زاناییەكانی ژنان بە زانست دانەنراون. بۆیە گەڕان بۆ زانستێكی ژنانە و داننان بە زانایی ژنانە لە رەوتی مێژوودا بەشێك دەبێت لە تایبەتمەندییەكانی ئەم بیردۆزەییە.

ھەروەها لەساڵی ١٩٩٧-١٩٩٨ بیردۆزی رزگاری ژن راگەیەنراو ھاودەم چالاكی دوو ژنە گەریلا بە ناوەكانی زەینەب كەناجی (شەھید زیلان)، سەما یوجە (شەھید سەما)، كە بە چالاكییەكانیان كاریگەرییان لەسەر ھەموو گەل دروست كرد ھێزی ژنیان زیاتر دەرخست.

خەباتی چەكداری ژنانی كوردو یەكینەكانی ژنانی كوردستان ئێستا لە چوارپارچەی كوردستان توانیویانە خۆیان بسەلمێنن‌و جۆرێكی تایبەت لە فكر و تێگەیشتن بۆ ژیان بخوڵقێنن، سەرچاوەی ئەم تێگەیشتنە و سەرچاوەی فكری ئەم ڕێكخستنەوەیەی مرۆڤەكان، لە فیكر و فەلسەفە و تێڕامانی عەبدوڵڵا ئۆجالانەوەیە و تا ئێستا بەردەوامی ھەیە و لە فراوانبوون و سەركەوتنی بەردەوامدایە.

یەكینەی ئازادی ژنانی كوردستان، كە ھەتا ساڵی ١٩٩٩ بەم ناوەوە دامەزراوە، لەقۆناغەكانی تری تێكۆشاندا ناوی دەگۆڕێت بۆ “یەكینەی ژنانی ئازاد ستار” (یژاستار) Yekîtiyên Jinên Azad STAR) (YJA STAR) ، كە ٢٠٠٤ دامەزرا و تا ئێستەش بەردەوامە و رێكخستنی (یژاستار) لەھەرچوار بەشی كوردستان رێكخستنی خۆی پێكھێناوە، لە رۆژئاوای كوردستان “یەكینەكانی پاراستنی ژن” (یەپەژە) Yekîneyên Parastina Jin YPJ، لەشەنگال “یەكینەكانی ژنانی شەنگال” (یەژەشە Yekîneyên) Jnên Şengalê (YJŞ)، لە رۆژھەڵات “ھێزەكانی پاراستنی ژن” (ھەپەژە Hêzên Parastina Jinê) (HPJ) و لەباكوور “یەكینەكانی پاراستنی سڤیلی ژن” (یەپەسە-ژن Yekîneyên Parastina Sivîla) Jin (YPS-Jin)، لەخەباتی چەكداری بەردەوامن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا