هەڵبژاردن خاوەنداری كەركوك یەكلادەكاتەوە

پۆڵەتیك پرێس:
لەدوای ئەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق دەرگای دروستكردنی هاوپەیمانی كردەوە بۆ هێز و لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، حیزبە كوردستانییەكان لەسەر ئاستی پارێزگای كەركوك تا ئێستا چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامداوە بەمەبەستی دروستكردنی یەك لیستی هاوبەش بۆ هەڵبژاردن، بەڵام تا ئێستا هیچ لیستێكی هاوبەشی كوردی لەو شارە دروست نەبووە.

رۆژی یەك شەممە 7ی شوباتی 2021، (12) حیزبی كوردستانی لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كەركوك جگە لەپارتی كۆبوونەوە بە مەبەستی دروستكردنی لیستێكی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختەی عێراق، بەڵام كۆبوونەوەكە بەكراوەیی هێڵدرایەوە بۆ رۆژی 9ی شوبات.

ئەحمەد رەفیق وتەبێژی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بەپێی سیستمی هەڵبژاردنەكە ئەمجارە لەبری ئەوەی لیست دەنگ ببات كاندید دەنگ دەبات، بۆیە زۆر گرنگە كاندیدانی ناو لیستێك رێك و تەبابن، كۆبوونەوەی حیزبە كوردستانیەكانیش بۆ ئەو مەبەستەیە كورد بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكات.

زۆر گرنگە كاندیدانی ناو لیستێك رێك و تەبابن

باسی لەوەشكرد، دوای هاتنی وەزیری بەرگری توركیا بۆ عێراق و نەگەشتنە ئەنجامی هەردوولا بەوەی یەكینەكانی پاراستنی شەنگال لەو ناوچەیە دەربكرێن، تێبینی دەكرێت جموجۆڵی داعش سەری هەڵداوەتەوە، ئەمەش پەیوەندی بە لێكەوتە هەرێمییەكان و هەڵبژاردنەوە هەیە، هەرچەندە داعش توانای ئەوەی نەماوە ناوچەیەك یان شارێك داگیربكات، بەڵام كاریگەریشی دەبێت لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق.

ئەوە وەك هۆشدارییەكی ئەو بەرپرسە كوردە لەكەركوك، بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی دەسەڵاتی داعش لەناوچە جێناكۆكەكان، كە جەختی كردەوە، دەبێت كورد بەیەكگرتوویی رووبەڕووی ئەو مەترسییەش ببێتەوە.

بڕیاربوو رۆژی شەشی حوزەیرانی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەرێوەبچێت، بەڵام هەڵبژاردنەكە بۆ مانگی 10ی داهاتوو دواخراو ئێستاش دەنگۆ هەیە ئەو هەڵبژاردنە نەكرێت.

هاوكات تاریق فەریق لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكگرتوو بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: ئاو چۆن بۆ مرۆڤ پێویستە یەك لیستی ئاوا بۆ كورد لە كەركوك پێویستە (بۆ كورد نەك بۆ حیزب، هەموو حیزبە كوردییەكان لە كەركوك لەگەڵ یەك لیستیدان، بەڵام دەمێنێتەوە كۆتا دانیشتن، لایەنی تەكنیكی و میكانزمەكانی ئەو یەك لیستییە چۆن دەبێت جارێك روون نییە، چونكە ئێمە چەندین ساڵە باجی ئەوە دەدەین سەرەتا لەگەڵ یەك لیستی و یەك هەڵوێستین كەچی دەرەنجام وا دەرناچێت.

ئاو چۆن بۆ مرۆڤ پێویستە یەك لیستی ئاوا بۆ كورد لە كەركوك پێویستە

پارتی دیموكرات لە گوتاری میدیایی خۆیدا بەردەوام باسی پێویستی یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی كورد دەكات لە كەركوك پێچەوانەی ئەم گوتارەی تا ئێستا ئامادەنییە بەشداری كۆبوونەوەی حیزبە كوردستانییەكان لەو شارە بكات.

پەیوەست بە گرنگی یەلیستی بۆ كورد لە كەركوك، محەمەد نەسرەدین سكرتێری مەكۆی كەركوكی گۆڕان وتی: بەبڕوای بزووتنەوەی گۆڕان یەك ریزی و یەك لیستی لە كەركوك لە هەموو شوێنێكی دیكەی كوردستان بۆ كورد گرنگترە، چونكە یەك ریزی پرسێكی چارەنووسسازە بۆ كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان، لە ئێستادا كورد لە ڕووی كارگێڕی و سەربازییەوە لەو ناوچانە شكستی هێناوە، بۆیە گرنگە هەوڵبدرێت لە رووی سندوقی دەنگدان و نوێنەرایەتیكردنی خەڵكی كەركوك شكست نەهێنێت، دیارە ئەنجامی هەڵبژاردن لە كەركوك كاریگەری خۆی هەیە لەسەر ئەوەی چ نەتەوەیەك زۆرینە و كەمینەیە لەو شارە.

ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتیشی: ئەگەر هەڵبژاردن لە هەر شارێكی دیكەی عێراق جۆرێك بێت لە دیاری كردنی نوێنەر و بەشداری دەنگدان، لە كەركوك بەشێكیش بووە لە ململانێی خاوەنداری ئەو شارە، توركمان و عەرەبیش بە هەمان تێڕوانین بۆ كەركوك دەڕوانن، بۆیە ئەوانیش لە هەوڵی ئەوەدان چۆن ناوماڵی خۆیان رێكبخەنەوە.

توركمان‌و عەرەبەكانی كەركوك لەهەوڵی خۆرێكخستنەوەدان

رۆژی 10ی شوباتی 2021 دوا وادەیە بۆ وەرگرتنی داوای خۆتۆماركردنی قەوارە و هاوپەیمانییە سیاسییەكان، ژمارەی حیزب‌و هاوپەیمانییە تۆماركراوەكان، تا (3 شوباتی 2021)، كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە تۆماركراون بریتین لە سێ هاوپەیمانییەتی پەسەندكراون، چوار هاوپەیمانی لە قۆناغی تۆماركردندان، ژمارەی حیزبە مۆڵەتدراوەكان بریتییە لە 235 حیزب، ئەو حیزبانەی مۆڵەتیان نەدراوەتێ بریتین لە 121 حزب، 69 حزبیش داوای دامەزراندن دەكەن.

هێمن حەسیب رۆژنامەنووس بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: هەڵبژاردن هونەرە، بۆیە دەبێت لە عاتیفەی نەتەوەیی بێیتە دەرەوە هونەر بەكاربهێنیت بۆ ئەوەی زۆرترین كورسی بەدەست بهێنیت دواتر ئەوەش خزمەت بە نەتەوەكەت دەكات.

وتیشی: بەپێی سیستمی نوێی هەڵبژاردن كەركوك دابەش بووە بۆ سێ بازنەی هەڵبژاردن، بازنەیەكیان شارۆچكەی حەویجەیە و 100% ی دانیشتووانەكەی عەرەبن، نە كورد و نە توركمان ناتوانن كێبڕكێی تێدا بكەن، بازنەیەكی دیكەش هەیە، كە تەواوی گەڕەكە كوردنشینەكان دەگرێتەوە و پێنج كورسی تێدایە بۆ ئەم بازنەیە، پێم وایە یەك لیستی گرنگ نییە، چونكە هەر پێنج كورسییەكە بۆ كورد مسۆگەرە لەم پێنج كورسییە هەرچەندی بۆ هەر لایەنێكی كوردی بڕوات كێشە نییە، ئەوەی بۆ كورد پێویستە تێیدا یەك لیست بێت بازنەی رۆژهەڵاتی كەركوكە و لە چوار كورسی پێكهاتووە، ململانێكان لەكەركوك بە چڕی دەكەوێتە ئەم بازنەیەوە، چونكە دەنگدەری هەرسێ پێكهاتەكەی بەرێژەی نزیك لە یەك تێدایە، گرنگە كورد بتوانێت كارێكی وابكات لانی كەم دوو كورسی ئەم بازنەیە بەرێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا