نۆرەی بارزانییە

مام جەلال لەدوای نسكۆ، بەبێ پرسكردن بەهێزە هەژموونگەراكانی سەرمایەداری، “شۆڕشی حوزەیران” كە دواتر ناوەكەی بۆ “شۆڕشی نوێ” گۆڕا، بەرپاكرد!. دوای سێ ساڵ كاركردنی چڕوپڕ، دەزگا سیخوڕییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان لەهەكاری، هەرچی هێزی یەكێتی هەبوو، تەفرووتونایان كرد، بەڵام مام جارێكی دیكە دەستیپێكردەوە و كۆڵی نەدا.

دوای ڕاپەڕین، بەپێی هەموو پێوەرەك، وەك زیرەكی و دیبلۆماسییەت، وەك ماندووبوون و قوربانیدان، دەبووا مام و یەكێتی كەس و هێزی نمرە یەك بن لەباشووری كوردستاندا، بەڵام هێزە هەرێمی و هەژموونگەراكانی سیستەم، جوو و تووركیا و ئێران و ئەوروپا و ئەمەریكا، هەمووان لەپشتی پارتی و بوغزاندنی یەكێتی بوون!

ئەو ئێرانەی كە ئێستا بەدۆستی یەكێتی دەزانرێ، جگە لەوەی مەرزی حاجی ئۆمەرانی تەسلیم پارتی كرد، لەخەیاڵی ئەوەدابوو جگە لەهەڵەبجە، ناوچە سنوورییەكانی پێنجوین و پشدەریش، پارتی تێدا باڵادەست بێت!

لەدوای چەند خولێك لەشەڕی ناوەخۆ، مام لەیارییەكە گەیشت، چارەسەری مامناوەندی هەڵبژارد، كۆبوونەوەكی بەسەركردایەتی یەكێتی كرد و گوتی، تەواو! ئەو هەموو تەنازووڵەی بۆ ئێرانی دەكەم، بۆ كاك مەسعودی دەكەم!

ڕێككەوتنی یەكێتی و پارتی لەو ڕۆژە دەستیپێكرد، سەرەڕای هەموو تێبینییەكان، بەڵام ئاوارەكان گەڕانەوە شارەكان، چەند ساڵێك دۆخێكی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی ئارام و باش هەرێمی گرتەوە و مام بۆخۆشی بووە سەرۆك كۆمار و مەرجەعی هەموو عێراق بەكورد و شیعە و سوننەوە!

ئەو هەنگاوەی مام گرتییەبەر، ئێستا نۆرەی كاك مەسعودە! ئەو تەنازووڵاتەی ئەو بۆ توركیا و ئێرانی دەكا، با بۆ لاهوور و هاوپەیمانی هیوا و پەكەكە بیكات!

لەئێستادا كاك مەسعود پێویست دەكا لەگەڵ لاهوور و هاوپەیمانی هیوا دابنیشێ، لەسەر ئاستی ناوەخۆ، پارەی ئاو و كارەبا و مۆبایل و ئینتەرنێت هەرزانتر بكرێ، مووچە بكرێتەوە مانگانە و هەرچی زووە گیراوەكانی بادینان ئازاد بكرێن و ئابلۆقەی سەر كەمپی مەخموور هەڵبگیرێ!

ئەگەر كاك مەسعود ئەم هەنگاوانە بگرێتەبەر، بێشك ئەوكاتە دەبێتە مەرجەعی هەمووان و لەپایتەختەكاتی ئەنقەرە و تەهران و بەغدا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، وەك كەسی نمرە یەك، حسابی بۆ دەكرێت.

محمەد گۆران

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا