بەدەل بەرواری بەتۆمەتی تێكدانی ئارامی‌و ئاسایشی هەرێم دادگایی دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس:
پارێزەرەكەی بەدەل بەرواری ئاشكرایكرد، 15ی ئەم مانگە بۆ دادگایی كردنی بەدەل بەرواری و دەستگیركراوانی دیكەی بادینان دیاری كراوەو لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەو ماددەیەی بەدەل بەرواری پێ دادگایی دەكرێت، كە بریتییە لە ماددەی یەكەم لە یاسای ژمارە 23ی ساڵی 2003، كە تایبەتە بە تێكدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان.

لەو بارەوە ئاسۆ هاشم پارێزەری بەدەل بەرواری بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بەپێی بڕیاری دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر، بڕیارە 15ی ئەم مانگە دادگاییكردنی بەدەل بەرواری و 15 كەسی دیكە لە دەستگیركراوەكانی بادینان بەڕێوەبچێت، هەرچەندە رەنگە دادگایی كردنەكە دوابخرێت لەو وادە بەهۆی تێكچوونی تەندروستی سەرۆكی دادگاوە.

ئاسۆ هاشم وتیشی: كۆپی دۆسییەكەی بەدەل بەرواریمان بەدەستگەشتووە، كە بریتییە لە 232 لاپەڕە و هاوكات لە هەوڵی گۆڕینی ئەو ماددەیەداین، كە ناوبراو پێی دادگایی دەكرێت، چونكە ماددەیەكی قورسە و تایبەتە بە تێكدانی ئاسایش و ئارامی هەرێمی كوردستان.

رۆژی 15ی ئایاری 2020 بەدەل بەرواری لەلایەن هێزێكی ئەمنی لە دهۆك دەستگیركرا، كە دەیویست بۆ رۆژی دواتر خۆپیشاندانێك رێك بخات دژی دواكەوتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دوای ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكەش ژمارەیەك مامۆستا و چالاكوان و رۆژنامەنووس دەستگیركران و تا ئێستاش لە زیندانن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا