تائێستا وادەی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا دیارنییە

پۆڵەتیك پرێس: نازە سەعید
هەرچەندە بڕیارە، بەم نزیكانە گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا دەستپێبكاتەوە، بەڵام تائێستا وادەی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان دیارینەكراوە.

لەو بارەوە بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: تائێستا هیچ وادەیەك بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەنێوان هەولێرو بەەغدا دیارینەكراوە.

بەشیر حەداد وتیشی: پێش چەند رۆژێك بەیاننامەیەكمان بڵاوكردەوە، كە داوامان لە هەردوولا كرد، دەست بەگفتوگۆكان بكەنەوەو بگەڕینەوە سەر مێزی دانوستان.

بەشیر حەداد ئەوەشی وت: ئێمە پێمان باشە بارودۆخەكە ئاساییبكەنەوە دەست بەگفتوگۆكان بكەنەوە بۆ ئەوەی بەزوویی بگەن بەرێكەوتنێك، چونكە دواكەوتنی رێكەوتنەكە لەزەرەرو زیانی خەڵكی كوردستانە تەواو دەبێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكی زۆرە هەولێرو بەغدا لەهەوڵدان بۆ ئەوەی لەسەر پرسی نەوت‌و داهاتی خاڵە سنوورییەكان‌و بودجەی هەرێمی كوردستان بگەنە رێككەوتن، كە ساڵانێكی زۆرە لەو بارەوە كێشە لەنێوانیان هەیە.

لەدوای ماوەیەكی زۆریش لەگفتوگۆ لەهەفتەی رابردوو بەهۆی بەیاننامەیەكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم‌و وەزارەتی دارایی عێراق گفتوگۆكان راگیران، كە بەهۆی ئەو دوو بەیاننامەیە جۆرێك گرژی لەنێوان هەردوولا دروست بوو.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەروەها وتی: ئومیدمان هەیە لەئایندەیەكی نزیكدا گفتوگۆكان دەست پێبكەنەوەو لەگفتوگۆكانیشدا ئەوەی باس بكرێت پابەندبوونی دەستووریی هەردوولایە بەرانبەر یەكتری.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا