یەك دلۆپ خوێن

بە گەرووی پڕ لە گریانەوە هاواریكرد و ووتی بیبەن بۆ خاتری خوا بیبەن! كوڕەكەم بەرن بۆ خۆتان! من خۆم هاتووم و داواتان لیدەكەم كە بیبەن و دووری خەنەوە لێم، هیج دایكیك بینیوە خۆی داوای بكات كورەكەی لێ بسەنەوە؟ من دەیكەم من داواتان لێدەكەم، ئەوە كوڕی من نییە لە تكەی حەڵاڵ نەبووە. ئەو بە عەرەبی هاواری دەكردو دەپەڕایەوە…دەنگی هاوار و ڵالەنەوەی ڕۆژە ڕێیەك دەڕۆی، یەكێك لە هاوكارەكانم بە هەڵەداون هات ووتی شارا عەرەبی دەزانیت …ووتم بەڵی …ووتی زۆر باشە وەرە با بزانین ئەم ژنە چی دەوێت….بەم شیوەیە ئیلهام بوو بە كەیس و لام تۆمار بوو…. چوومە بەردەمی ووتم جارێ وەرە دانیشە بۆم باس بكە كێشەكەتان چییە؟ ووتی كێشەی چی ؟ تۆ بڵێ، كارەساتەكە چییە؟ چیت بۆ باس بكەم خانم گیان، كوڕەكەم بەربۆتە گیانم و فەتوای ‌هێناوە كە بمكوژێت! دەڵێت: تۆ قەحبەیت و خوێنت حەڵاڵە! پرسیم بۆ وا دەلێت؟

لە بەرئەوەی دەیەوێت ببێتە پیاو و خۆی بە سەر مندا زاڵ بكات… ئەیەوێت ئەوەی باوكی فریا نەكەوت بیكات ئەم بۆی تەواو بكات! دەیەویت بمكوژێت..بۆیە تكاتان لیدەكەم تا دەستی نەچۆتە خوێنم بیبەن و دووریخەنەوە…. پرسیم كورەكەت تەمەنی چەندە؟ ووتی: شانزە ساڵەو نوێژی بچێت سەری ناچیت …من كوڕەكەم هێنایە ئیرە، لیرە بۆم بۆتە ئەهلی مزگەوت فەتوای كوشتنی بۆ هێناوم… گوایە ژنی وەك من خوێنیان حەڵالە!

من تەنیاترین ژن، تاقاناترین ئازار هەر جارەی خەونێك دەمگێڕێتەوە، هەر كەڕەتەی پیاوێك بە دەم ئۆرگازمبوونەوە دەمڕشێنێتەوە. ئەوەتا هەر دوێنێ بوو لە شعرێكدا سەر بڕام، لە پەكەرێكدا بە بەردكرام، لە ڕۆمانێكدا نامە نامە لەت لەتكرام. منی خەونی هەموو پیاوەكان و هیچە پیاوێك ،هەر بە تەنیا كوژراوم هەر بە تەنیاش ژیام. ئیێستاش كوڕەكەم كوڕی ناو هەناوی خۆم دەیەوێت بمكوژێت….

وتم پێویستە ئارام بیتەوە تا لە یەكترتێبگەین! لە سەرەتاوە بۆمان باس بكە كێشەكەت چییە؟

بە دەم هەنسكی گریانەوە ووتی: تۆ خۆت دووربگرە لە من! مەیەرە نزیكمەوە، من لە جنسی پاندۆرام، جنسی بەشەر نیم.. من ژنێكم پارچە پارچە، خۆت دووربگرە نەبادە بەر نەعرەتەی من بكەوێت. لە كوێوە ئەم چیرۆكەت بۆ بگێڕمەوە؟ كام بەشەی تۆ ڕازیدەكات؟

وتم نازانم تۆ بە خۆتەوە هیلاكم دەكەیت! من لێرەم بۆ ئەوەی یارمەتی تۆ بدەم، شتەكان بۆ ئاسان بكەم.

بە چاوێكی پڕ لە سیحر و غرورەوە ووتی دەبا دەست پێبكەین! وەرە لە گەڵمدا با پێكەوە بگەڕینەوە سەرەتا..

بەلام بەر لەوە با پێت بلێم ئێمە دوا جار هیچ نین جگە لە كۆمەلێك گێڕانەوە نەبێت، كۆمەلێك چیرۆك. هەندێ مرۆڤ تا دەمرن بواری ئەوەیان نییە خۆیان بگێڕێنەوە، گەر خۆیشیان بگێڕێتەوە ڕۆڵێكی لاوەكی و هیچیان هەیە، هەر ئەو هیچیەشی دەیپاریزێت. دەزانیت ئێمە ڕۆلەكانی خۆمان لە گێڕانەوەكانماندا هەڵنابژێرین؟ بەڵكو بە بەرماندا دەكرێت زۆر جاریش بێ ویستی خۆمان مانوسی چیرۆكەكەمان پێ دەوترێتەوە… كاتێكیش خۆمان دەگیڕینەوە بێ ئەوەی بزانین لە سەدای دەنگی خۆماندا بۆماندەردەكەوێت كە ئەو ڕۆڵەی هەمان بووە و گێراومانە هی پالەوانە، پاڵەوان. بەلام ئەم پاڵەوانبوونە هیچ لە حەقیقەتی ژیانی تۆ ناگۆڕیت گەر تۆ تەوقدرابێت بە گێلە پیاو و گێلە مرۆڤەكان. من هەر یەك خوشكم هەیە لێرە ئەویش قسەم لە گەل ناكات ….هاهاها ڕۆژێك خوشكەكەم بە تەوسەوە لێ پرسیم ئەرێ تۆ لە خۆت ناپرسیت بۆ هەر جارە وەك خۆت دەلێت كە جوانی دەنوینیت، بۆت دەبێتەوە بە ئازار و خراپە؟ منیش ووتم با خوشكم لە خۆم پرسیوە، وەڵامەكەشی ئەوەیە كە من قاندراوم بە گێل و گەمژەی وەك تۆ،،، چیبكەم كە من كچی ئەم سیاقەی خۆم نیم … من نەدەبوو من بم…

دەبوو بیوەستێنم تا باسی ئێستام بۆ بكات و لە ئێستادا بێت، هەر بۆیە بە ئارامی پێمووت قسەكردن لە گەڵت ئەفسونێكی جیاوازی هەیە، بەڵام من دەمەوێت تۆ باسی ئێستام بۆ بكەیت ، باسی كوڕەكەتم بۆ بكە؟ دیسان بە لاقرتێیەكەوە ووتی: پێدەچێت تینگەیت كە دەلێم دەبێت بگەڕینەوە سەرەتا، ئەگینا قسەكردن ل سەر ئێستا هیچ بایەخێكی بۆ من نییە.

دەبا بگەڕێنەوە سەرەتا، بەڵام دەبێت بزانیت كە من ئەوە نانوسمەوە كە تۆ باسی دەكەیت، بەڵام گوێت لێدەگرم ،چونكە لە لێكۆلینەوەكمدا پێویستم بەوە نییە جەختێكی زۆر بكەمە سەر ڕابردووت، ئەوەندە بەسە كە بنوسم لە كوێەوە هاتویت كەی هاتویت بۆ ئێرە…….

وتی من خۆم دەگێڕمەوە تا ڕزگاربم لە خۆم، تۆش بە كەیفی خۆت چی و چۆن من بە كاردەهێنیت..

ئەزانیت؟ دەبێت زۆر دوور بڕۆم، هێندە دوور تا دەگمەوە یەكەم یادەوەری كە لە دەروونمدا خۆی مەڵاسداوە، ڕازی نابێت لێم وونبێت بە جێمبێڵیت.

ئا ئەوە یەكەم گورز و یەكەم دڵۆپە خوێن بوو كە من بینیم….منێكی مناڵ كە ‌هێشتا نەمدەزانی جیاوازی نێوان مەرگ و ژیان چییە! بەڵام لەو شەوەدا من بەو مناڵییە تامی مەرگم كرد… زێرەم لە دەنگی گریان و هاواری باوكم كرد.بوو.. ئەو شەوە حەزم دەكرد خوشكە بچوكەكەم بۆ ئەبەد لە دەنگ بكەوێت چیتر گوێم لە دەنگی گریانی نەبێت… دەزانم كە پڕ بە دڵ حەزمكردووە لە دەنگ بكەوێت… بەڵی لە دەنگ بكەویت تا چیتر گوێم لە گرمە و نەڕەی باوكم نەبێت بە سەرماندا.. ئاخر ئەو بەرگەی دەنگی مناڵەكانی خۆی نەدەگرت و هەراسان دەبوو. من خۆم توند توند كردبوو لە دۆشەكەكەم، ئێستاش بیرمە چاوەكانم ‌هێندە بە توندی نوقاندبوو دەترسام جارێكی تر نەتوانم بیانكەمەوە… لە نێوان نەڕەی باوكم و گریانی خوشكە یەك ساڵەكەم ئەوەی كە هەبوو تەنها ترس و زێرەی تۆقینی من بوو، دەترسام باوكم هەست بە ترس و تۆقێنم بكات بە شەق و زلەیەك ترسم لە بیر بەرێتەوە.

لێم مەپرسە دایك لە كوێ بوو؟ چونكە دایكم لە من ترساوتر و بێدەنگتر واقوڕما تر بوو…ئەوە بێدەنگترین و لەرزۆكترین ژنی دونیا بوو…هەر كە باوكم دەینەڕاند ئەویش وەك من دەچووە وە دۆخە قۆزاخەیەكەی خۆی بێدەنگ دەبوو.. ئەویش هەر لە ترسی شەقەكانی باوكم خۆی دەشاردەوە … پاش كەمێك هەموو شتێك كپ بوو هەم هاوار و نەڕەی باوكم هەم گریان و نوزە نوزی خوشكە ساواكەم، منیش لە ترسا خەونم لێكەوت. …بەیانی هەموو شتێك ئاسایی بوو، وەك ڕۆژانی تر لە بری باوكم، پێخەفەكەی بە لولكراوی لە سەر جێگەكەی جێمابوو، دایكم وەك پیشەی هەموو ڕۆژێكی خەریكی سیو سیوەی ماڵ ئیشكردن بوو… ئەوەی كە جیاواز بوو دەموچاوی خوشكە ساواكەم بوو كە خوێناوی بوو… من هیچ تێنەگەشم و كەسیش بۆمی باسنەكرد كە بۆچی دەموچاوی خوشكەكەم خوێناوییە، ڕامكردە سەر ئەو سەكۆیەی كە لێ دەخەوتین و لە ژێر ئەو جۆلانەیەی كە خوشكەكەمی لە ناو بوو دڵۆپێك خوێنی ووشكەوەبووم بینی! بەڵام هەر تێنەگەشتم چی ڕوویدا و چۆن خوشكەكەم لە دەنگ كەوت و بۆ دەمو پلی بریندارە؟ دایكم بە دەم نزاو سنگ كوتینەوە دەیگوت خوا حەقی بسێنیت…. نەمدەزانی حەقی كێ لە كێ بسەنێت ؟ ئەوە كێیە كە دەتوانێت حەقمان بسەنێت؟ ئاخر بۆ مناڵیك ستەم بوو لەو هەموو قسانە بگات، یان لەوە تێبگات كە دایكم چاوەڕێ خودایە حەقی كچەكەی بسەنێت، لە كێش لە باوكی كچەكەی! من تا تەمەنێكی زۆر وامدەزانی ئەوە حەزو دوعاكانی من بوو كە خوشكەكەمی ئەوا برینداراو زامار كرد و لە دەنگی خست. بەڵام دوا جار تێگەیشتم كە لەو شەوەدا باوكم بە چەپۆكێك خوشكەمی بێدەنگ كرد ئەو دڵۆپە خۆێنەش هی دەمی خوشكەكەم بوو… ئەو خوشكەم كە ئیستا قسەم لە گەڵ ناكات ئەویش وەك كوڕەكەم بە بەرباد و بێساحێب دەمبینیت، دوور نییە ئەویش ئاوات بە مەرگی من نەخوازێت….

ئەمە لای خۆت هەڵگرە چونكە دێمەوە سەر ئەم دڵۆپە خوێنە، من لە كوێدا چۆن ئەم دڵۆپە خوێنەم هەلگرتوە و ڕازینەبووم جارێكی تر بڕژێتەوە… بیرم خەرەوە تا بۆت باسبكەم…..

من بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە كە بە هەموو شیوەیەك هەوڵمدەدا بیشارمەوە لێی، بە جۆرێكیش دانیشتنەكەمان بۆ ئەو ڕۆژە تەواو بكەم، ووتم بە داخەوە كە تۆ ئەم ئازارەت چەشتوە، بەڵام ئەو كاتە تۆ چەند ساڵ بوویت؟

وەڵامی دایەوە، زۆر گەورە نەبووم ،هەر پێنج ساڵێك دەبووم. ووتم دیارە تۆ لە كەسە زیرەكەكانیت…كەسە زیرەكەكان زووتر لە كەسانی تر یادەوەرییان دەكەوێتە كار، ئەوەی كەبەم ووردەكارییە ئەم یادەوەرییە تاڵەت بیرماوە مانای زیرەكی و لێهاتووی تۆیە…………ئەم چیرۆكە بەردەوام دەبێت لە گەڵ كەیسی تر و ژنی تر ئەوەی دەگۆڕێت تەنها ناوەكانیانە

شارا تاهیر

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا