سیاسەتی دەرەوەی بایدن

لە یەكەم وتاریدا بۆ داڕشتنی دیدی ئیدارەكەی و ناردنی پەیام بۆ دونیا، بایدن هەوڵیدا سێ چەمك پێكەوە گرێبدات: ئەمریكا، دیپلۆماسی و دیموكراسی. ئەم چەمك و دیدانە، پێش ئەوەی بۆ دونیابێت بۆ ئەمریكا خۆی بوو. لە ماوەی پێشودا، سیاسەتی ئەمریكا پێش هەموان، ئەمریكای دابڕیبوو لە هاوپەیمانانی، بۆیە بایدن یەكەم دێڕی وتارەكەی ئەوەبو كە ئەمریكا گەڕایەوە، یان هاتەوە. ئەم هاتنەوەیە گەڕانەوەیە بۆ ناو ڕیزی هاوپەیمانانی دیموكراسی كە بایدن ناوی هەندێكیانی برد. دەنگۆی ئەوەش هەیە كە بایدن پلانی هەیە لوتكەیەكی جیهانی وڵاتانی دیموكراسی سازبكات. هەر لە ئێستاوە كێشەی ئەوەی هەیە كە كێ بانگ بكرێت و كێ بانگ نەكرێت. زۆر وڵات هەیە كە تەنها بە ناو دیموكراسین، وەك توركیا، عێراق، ڕوسیا، هەنگاریا و زۆری تر.

لەم وتارەوە بایدن ویستی بگەڕێتەوە بۆ ئەمریكایەك كە ئایدیال بوو، نمونەی ئەوەبو كە باس لە مافی مرۆڤ و ئازادی و ئازادی دەربڕین و زۆر خەسڵەتی تری لیبرال دیموكراسی بكات كە لە چوار ساڵی رابوردودا نەك هەر پشتگوێخرابو بەڵكو سوكایەتیشی پێدەكرا.

لەم ڕوانگەیەوە بایدن ڕەخنەی لە مامەڵەی ڕوسیا گرت بەرامبەر ئەلكسی ناڤالی. هەروەها سەرەكۆنەی كودەتاكەی میانماری كرد. بەڵام لە كاتێكدا ئەمە دەكات لە هەمانكاتدا كار لە گەڵ ئەو وڵاتانەشدا دەكات. چینی بە جیددیترین ڕكەبەری ئەمریكا ناوبرد، بەڵام لە هەمانكاتدا دەرگای مامەڵەی لە گەڵ چیندا دانەخست، بە تایبەتی ئەگەر لە بەرژەوەندی ئەمریكا بێت. ڕەنگە ئەمە یەكەم دژایەتی گەورەبوو لە وتارەكەیدا، ئایا بەرژەوەندی ئەمریكا و دیموكراسی هەمیشە تەبان؟

هەندێك سەرنجی خێرا لە ڕوانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە:
یەكەم، ناوی عێراق نەهێنرا، تەنها جارێك ئاماژەی پێدرا، لە وتاری ناساندنەكەی بلینكیندابوو، كە ناوی بەغدای هێنا وەك جێگایەك بایدن سەردانی كردوە. ناوی ئێران بە ڕاستەوخۆ تەنها كاتێك هێنرا لە میانەی هێرشی بۆ سەر سەروەری سعودیە، كە ئەمریكا ئامادەیە بیپارێزێت. بەڵام بە ناڕاستەوخۆ لە ژێر ناوی دژایەتی تەشەنەكردنی چەكی ئەتۆمی مەبەستی ئێرانیش بوو.

هەڵوێستی بەرامبەر یەمەن بۆ ڕازیكردنی ڕەخنەگرانی سعودیە بوو لە ناوەوەی ئەمریكا. كاتێك باسی وڵاتانی دیموكراسی كرد ناوی ئیسرائیلی نەهێنا. ئەمەش جێگای سەرنجە بەلای ئیسرائیلییەكانەوە.

وەك یەكەم وتاری، ئامانجی سەرەكی ئەوبوو كە چۆن دابڕانێك دروست بكات لە گەڵ ئەمریكایەكدا كە چیدی بە هێند وەرنەدەگیرا لە دونیادا. بۆ نمونە ئەمریكا داوای لە یەكێتی ئەوروپا كرد كە پەلە نەكات لە ڕێككەوتن لە گەڵ چیندا، هەتا ئەم ئیدارەیە دەكەوێتە سەرپێ، بەڵام مێركڵ و ماكرۆن، لە بڕی پەلەنەكردن زۆر پەلەیانكرد. ئەمە نەك هەر بە هێند وەرنەگرتنی ئەمریكابوو، بەڵكو بە بایەخ سەیركردنی چین بوو، زیاتر لە ئەمریكا بۆ ئەوروپا.

یەكێك لەو پرسانەی هەموو وڵاتان بیری لێدەكەنەوە لە بەرامبەر ئەمریكادا ئەوەیە، ئایا دوو ئەمریكای دژ بە یەك هەیە، هەر چوار یان هەشت ساڵ جارێك دەستاودەست دەكەن و هەموو شتێك پێچەوانە دەكەنەوە؟ یەكێك لەو پرسیارانەی لای ئێرانییەكان مایەی واقوڕمانە ئەوەیە ئەگەر ئەم چوار ساڵە هەوڵی دانوستان بدەن ئەوا چوار ساڵی تر، بە گۆڕانی ئیدارە هەموی سفر دەبێتەوە. بە تایبەتی كاتێك ئەمریكای ئەمرۆ تەقریبەن عەیب نەبێت پەنجا بە پەنجایە.

سەردار عەزیز

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا