پرسی بەهەرێمبوونی بەسڕە دێتەئاراوە

پۆڵەتیک پرێس

بەشێک لە هاوڵاتیانی بەسڕە لەبەردەم بینای ئیدارەی پارێزگاکە داوایانکرد، هاوشێوەی هەرێمی کوردستان بەسڕە بکرێتە هەرێم.

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، لەدوای چەند رۆژێک ناڕەزایی دەربڕین لەبارەی شایستە داراییەکانی بەسڕە لەناو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، چەندین هاوڵاتی پارێزگاکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

بە بڕوای خۆپیشاندەران، ئەو بڕە بودجەیەی بۆ بەسڕە دیاریکراوە لەگەڵ قەبارەی پارێزگاکە و دانیشتوان و کێشەکانی ناگونجێت، لەکاتێکدا بەرگەی ئەو هەموو زیانە ژینگەییە دەگرن کەبەهۆی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنییەوە روبەڕویان دەبێتەوە.

داواکردنی بەهەرێمبوونی بەسڕە لەدوای ئەوە دێت، ماوەیەکی زۆرە پارێزگاکە بەدەست خراپی دۆخی ژیان و پاشەکشەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و خوێندن و گەندەڵییەوە دەناڵێنێت، بەڵام بەرپرسانی بەغدا جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەرێم چارەسەر نییە نە بۆ بەسڕە نە بۆ هیچ پارێزگایەکی دیکەی عێراق.

هاوکات، ئەو بەرپرسانە بەرپرسیارێتی گەندەڵی دەگەڕێننەوە بۆ حکومەتی پارێزگاکان نەک حکومەتی ناوەندی لە بەغدا.

لایخۆیەوە، بەرپرسێکی نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ساڵی رابردوو پشکی بەسڕە نزیکەی سێ ترلیۆن دینار بووە، بەڵام بەداخەوە بەشێوەیەکی دروست لەلایەن حکومەتی ناوخۆی بەسڕەوە بەکارنەهێنراوە.

بەپێی دەستوری ساڵی 2005ی عێراق، پارێزگاکان ئازادن لەوەی داوای بەهەرێمبوون بکەن، بۆئەمەش پێویستە راپرسییەکی جەماوەری لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە ئەنجام بدرێت و زیاتر لە نیوەی دەنگدەرانی پارێزگاکە پەسەندی بکەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا