زۆرانبازی‌ له‌عیراقدا، مێژوویه‌كی پڕ سه‌روه‌ری 

عه‌بدولره‌حمان ئه‌حمه‌د
یاریی زۆرانبازی یه‌كێكه‌ له‌و یارییه‌ وه‌رزشییه‌ دیارانه‌ی‌ له‌وڵاتی‌ نێوان دوو رووباردا بایه‌خی گه‌وره‌ی پێده‌درێت و له‌لایه‌ن لاوان و وه‌رزشكارانی‌ عیراقه‌وه‌ ساڵانێكه‌ پراكتیزه‌ ده‌كرێت، بۆیه‌ له‌زۆرێك له‌پاڵه‌وانێتییه‌ ده‌ره‌كییه‌كاندا زۆرانبازه‌ پاڵه‌وانه‌كانی‌ عیراق ده‌ره‌نجامی‌ باش و میدالی جۆراوجۆر ده‌سته‌به‌رده‌كه‌ن.
* كه‌ی سه‌ریهه‌ڵداوه‌؟
زۆرێك له‌سه‌رچاوه‌ وه‌رزشییه‌كانی‌ عیراق ده‌گه‌نه‌ ئه‌و راستییه‌ی‌ سه‌ره‌تای هاتنی‌ یاریی زۆرانبازی بۆ عیراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می سیه‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو، به‌تایبه‌تی‌ دوای ئه‌وه‌ی‌ له‌ڕۆژی (15/11/1935) زۆرانبازی ئه‌ڵمانی‌ (كره‌یمه‌ر) سه‌ردانی‌ عیراقی كردو له‌به‌غدا مایه‌وه‌ تا ئه‌وه‌ی‌ كۆچی دوایی كرد، به‌و شێوه‌یه‌ خۆی به‌كۆمه‌ڵگای‌ به‌غدا ناساندووه‌ كه‌ پاڵه‌وانی‌ زۆرانبازیه‌ و هاتووه‌ ململانێی پاڵه‌وانانی‌ عیراق بكات، له‌و ساته‌دا یاریی زۆرانبازی‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌به‌غدا له‌لایه‌ن چه‌ند پاڵه‌وانێكه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درا، به‌ڵام كه‌متر یارییه‌كه‌ سیمای یاسایی جیهانی‌ وه‌رگرتبوو، ئه‌و پاڵه‌وانه‌ ئه‌ڵمانییه‌ رۆڵی گه‌وره‌ی‌ هه‌بوو له‌زیاتر ناساندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و یارییه‌ له‌ناو گه‌نجانی‌ به‌غدادا، تائه‌وه‌ی‌ بریاردا له‌یارییه‌كدا رووبه‌ڕووی‌ به‌هێزترین پاڵه‌وانی‌ به‌غدا ‌ببێته‌وه‌، ئه‌وه‌بوو ئه‌و رۆژه‌ هانده‌ران و لایه‌نگرانی‌ (عه‌باس دیك) روویانكرده‌ زورخانه‌ كه‌ شوێنی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ زۆرانبازییه‌كه‌ بوو، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هانی‌ زۆرانبازه‌ عیراقییه‌كه‌ بده‌ن، دواتر بوو به‌یه‌كێك له‌ناودارترین پاڵه‌وانه‌كان، دوای ئه‌وه‌ی‌ توانی‌ به‌سه‌ر پاڵه‌وانه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌دا سه‌ركه‌وێت و به‌مه‌ش خه‌ڵكی به‌غدا به‌بۆنه‌ی‌ بردنه‌وه‌كه‌ ئاهه‌نگیان گێڕا و ئه‌و رۆژه‌ش وه‌ك جه‌ژنێكی نیشتیمانی‌ سه‌یركرا.
تا ناوه‌ڕاستی‌ چله‌كان زورخانه‌ له‌پاڵه‌وانانی‌ زۆرانبازی جمه‌ی‌ ده‌هات و لاوانێكی زۆر روویان له‌و یارییه‌ كرد، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای په‌نجاكانه‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی لاوان و گه‌نجان به‌هۆی ئه‌و گۆڤار و رۆژنامه‌ وه‌رزشییانه‌ی‌ ده‌هاتنه‌ عیراق زیاتر به‌یارییه‌ وه‌رزشییه‌كانی‌ تر ئاشنابوون، ئیتر زۆرێكیان روویان له‌یارییه‌كانی‌ تری وه‌ك (تۆپی پێ، باسكه‌، گۆڕه‌پان و مه‌یدان) كرد.
* عه‌باس دیك شوناسه‌
(عه‌باس دیك)، ناونیشانێكی گه‌وره‌یه‌ له‌مێژووی‌ ئه‌و یارییه‌دا له‌عیراق، رۆڵێكی گرنگی گێڕا له‌دامه‌زراندنی‌ یه‌كێتی‌ زۆرانبازی عیراق كه‌ له‌رۆژی (11/3/1949) داواكاریه‌كی‌ پێشكه‌ش كرد بۆ دامه‌زراندنی‌ یه‌كێتییه‌كه‌، دواتر له‌رۆژی (26/7/1950) به‌ڕه‌سمی یه‌كێتی‌ زۆرانبازی‌ عیراق دامه‌زرا، ده‌سته‌ی‌ دامه‌زرێنه‌رانیشی پێكهاتبوون له‌(عه‌باس دیك-سه‌رۆك، زیا حه‌بیب-جێگری سه‌رۆك، عه‌بدولڕه‌زاق نوعمان-سكرتێر، سه‌لیم تره‌بچی-ئه‌مینداریی دارایی، سه‌بری خه‌تات و فازڵ عه‌بدولجه‌بار و ئه‌حمه‌د جبوری-ئه‌ندام)، مه‌هدی وه‌حید-یش كه‌ زۆرێك له‌پسپۆرانی‌ ئه‌و یارییه‌ به‌راگر و كۆڵه‌كه‌ی‌ زۆرانبازی عیراقییه‌كانی‌ داده‌نێن، بۆیه‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی عیراق له‌ساڵی 2008دا ئاهه‌نگێكی رێزلێنانی‌ بۆ رێكخست، چونكه‌ یه‌كه‌م یاریزانی‌ عیراق بووه‌ میدالێك ده‌سته‌به‌ر بكات له‌پاڵه‌وانێتیی وڵاتانی عه‌ره‌بدا كه‌ ساڵی 1952 له‌ئه‌سكه‌نده‌ریه‌ میدالی برۆنزی به‌ده‌ستهێنا، هه‌روه‌ها (ساڵح مه‌هدی)یش به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌توانین بڵێین به‌هۆی به‌شداریكردنی‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی‌ عیراق له‌پاڵه‌وانێتی تارانی ساڵی (1955) به‌یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی‌ زۆرانبازه‌ عیراقییه‌كان داده‌نرێت له‌پاڵه‌وانێتییه‌ ده‌ره‌كی و ره‌سمییه‌كاندا كه‌ (عه‌باس دیك) بۆ خۆی سه‌رپه‌رشتی‌ كردوون.
* نه‌وه‌ی‌ زێڕینی‌ په‌نجاكان و شه‌سته‌كان
نه‌وه‌ی‌ په‌نجاكان به‌ته‌واوی‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ر زێڕی وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كاندا گرتبوو، ئه‌وه‌بوو له‌خولی به‌یروتی (1957)، (حه‌سه‌ن عه‌بدولوه‌هاب، قاسم ئه‌حمه‌د سه‌ید، عه‌بدولره‌زاق محه‌مه‌د ساڵح، ره‌حومی جاسم، خالید ئه‌حمه‌د، ئه‌موری ئیسماعیل) پشكی شێری نازناو و بردنه‌وه‌كانی‌ ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌یان به‌ركه‌وت و له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی‌ شه‌سته‌كاندا ده‌ستكه‌وته‌كانیان سه‌رله‌نوێ دووباره‌كرده‌وه‌، كاتێك جارێكی تر (قاسم ئه‌حمه‌د سه‌ید، عه‌بدولره‌زاق محه‌مه‌د، ئه‌موری ئیسماعیل) گه‌ڕانه‌وه‌ و توانیان له‌پاڵه‌وانێتی وڵاتانی عه‌ره‌بی 1965 كه‌ له‌قاهیره‌ی میسر رێكخرا، میداله‌ زێڕه‌كان به‌ده‌ستبهێنن و ببنه‌ پاڵه‌وانێكی راسته‌قینه‌.
* هه‌شتاكانیش پاڵه‌وان بوون
نه‌وه‌ی‌ ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووش، هه‌مان ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ شه‌سته‌كانیان دووباره‌كرده‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك به‌ته‌واوی‌ كۆنتڕۆڵی میداله‌ زێڕ و زیوه‌كانی خولی وڵاتانی عه‌ره‌بی‌ (1985)یان ده‌سته‌به‌ركرد كه‌ له‌شاری ریبات به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌زۆرانبازان (فه‌یاز لازم، مه‌روان سوهێل، هه‌یسه‌م چه‌لوب، محه‌مه‌د عه‌بدولستار، عه‌بدولڕه‌حمان بره‌یسم، سه‌ڵاحه‌دین سه‌عید، حه‌مید عه‌بدولكه‌ریم، وه‌فه‌ر جاسم) هه‌شت میدالی زێڕیان له‌ملكرا، دوای ئه‌وه‌ش (محه‌مه‌د عه‌بدولستار) جارێكی تر گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سه‌ر له‌نوێ دووباره‌كردنه‌وه‌ی‌ ده‌ستكه‌وته‌ گرنگه‌كان كه‌ پاڵه‌وانانی‌ پێشتر به‌ده‌ستیان هێنابوو، توانی‌ میدالی زێڕی خولی وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی 1999 ببه‌نه‌وه‌ كه‌ ئوردن میوانداری كردبوو، له‌هه‌مان پاڵه‌وانێتیشدا هه‌ریه‌ك له‌(حه‌سه‌ن فازڵ و محه‌مه‌د نازم)یش توانیان میدالی زێڕی ئه‌و خوله‌ ده‌سته‌به‌ربكه‌ن.
* ویسام به‌سام زێڕی هه‌زاره‌ی نوێ
له‌خولی (جه‌زائیر-2004)ی وڵاتانی عه‌ره‌بدا، هه‌ریه‌ك له‌پاڵه‌وانان (محه‌مه‌د جه‌بر و ویسام به‌سام)، میداڵی زێڕیان له‌ملكرا و به‌مه‌ش توانیان سه‌روه‌ری و شانازییه‌كانی‌ ئه‌و یارییه‌ی‌ عیراق بگه‌یه‌ننه‌ هه‌زاره‌ی سێیه‌م، پێش ده‌ستپێكردنی‌ خولی یارییه‌كانی‌ عه‌ره‌بی (میسر 2007) سه‌رۆكی یه‌كێتی‌ زۆرانبازی عیراقی زۆر گه‌شبین بوو به‌پاڵه‌وانه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی كه‌ زۆرترین میدال به‌ده‌ستبهێنن، به‌ڵام دوابه‌دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان پرسیار له‌و به‌رپرسه‌ كرا، ئایا سه‌باره‌ت به‌ده‌ره‌نجامه‌كانی‌ عیراق رازیت؟، وتی‌: پلانمان هه‌بوو ئێمه‌ش شایسته‌ی‌ چوار میدالی زێڕ بووین، به‌ڵام ناوبژیوانانی یارییه‌كان له‌دوو میدالی زێڕ بێبه‌شی كردین، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردوو پاڵه‌وان (ئه‌حمه‌د جومعه‌ و ویسام به‌سام) توانیان دوو میدالی زێڕی زۆر گرنگ به‌ده‌ستبهێنن، لێره‌دا جارێكی تر مێژوو بۆ جاری سێیه‌م خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاتێك (ویسام به‌سام) توانی‌ له‌دوو پاڵه‌وانێتی تری عه‌ره‌بی له‌جه‌زائیر و میسر) میدالی زێڕ بباته‌وه‌.
* تۆماری نازناوه‌كان
تۆماری نازناوه‌كانی‌ زۆرانبازی عیراق، ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی‌ عه‌ره‌بیدا نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی‌ ئاسیاشدا ئاماده‌یی به‌هێز و دیاری هه‌بووه‌، ئه‌وه‌تا عه‌بدولڕه‌حمان به‌رسیم له‌ئاسیادی 1974 كه‌ له‌تارانی ئێران رێكخرا، پله‌ی سێیه‌می‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ و (فه‌رحان جاسم) توانیویه‌تی‌ له‌هه‌دوو خولی‌ یارییه‌كانی‌ ئاسیای (نیوده‌لهی 1982) و (سیئۆل 1986) پله‌ی‌ دووه‌م و میدالی برۆنز ده‌سته‌به‌ربكات.
* رابردوو فه‌رامۆشكراوه‌
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و یارییه‌ له‌عیراقدا توانیویه‌تی‌ ببێته‌ شوناسێكی دیاریی وه‌رزشی ئه‌و وڵاته‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ناوه‌نده‌ وه‌رزشییه‌ باڵاكان له‌به‌رامبه‌ر پاڵه‌وانانی‌ ئه‌و یارییه‌دا كه‌مته‌رخه‌م بوون، ئه‌وه‌تا ده‌بینین له‌ئێراندا چه‌ندین شوێن و هۆڵ و په‌یكه‌ر به‌رچاو ده‌كه‌وێت به‌ناوی‌ (ته‌ختی‌) پاڵه‌وانه‌ ئه‌فسانه‌یی و ناوداره‌كه‌ی‌ ئێران، به‌ڵام ئایا له‌عیراقدا تائێستا بۆ (عه‌باس دیك) و پاڵه‌وانه‌ زێڕینه‌كانی‌ تر هیچ هۆڵ و مۆزه‌خانه‌یه‌كیان بۆ كراوه‌ته‌وه‌، تا مێژووی راسته‌قینه‌ و سه‌روه‌ری و نازناوه‌كانیان بۆ نه‌وه‌ی نوێ و وه‌رزشكاران بگێڕنه‌وه‌؟.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا