پۆڵه‌تیك پرێس:
ئه‌ندامێكی هاوپه‌یمانی سائیروون له‌په‌رله‌مانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌نگدان و په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ چه‌ن ڕۆژێك دواده‌كه‌وێت.
به‌در زیادی، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی سائیروون كه موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات به‌میدیای فه‌رمی عێراقی وتووه، له‌نێوان كورد و لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی عێراق و لایه‌نه سیاسییه‌كان ناكۆكی هه‌یه، ئه‌وه‌ش پێویستی به‌كات هه‌یه بۆ گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنی سیاسی و ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021ـی عێراق.
به‌وته‌ی به‌در زیادی، هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 2003ه‌وه تا ئێستا قه‌رزه‌كانی نه‌داوه‌ته‌وه، ده‌شڵێت “كێشه‌مان له‌گه‌ڵ پابه‌ندییه داراییه‌كانی هه‌رێم هه‌یه له‌ڕووی داهاته نانه‌وتییه‌كانه‌وه”.
له‌ئێستادا جوڵه‌یه‌كی نوێ له‌په‌رله‌مانی عێراق ده‌ستیپێكردووه، كه ده‌یه‌وێت جگه له‌داهاتی نه‌وتیی، داهاتی نانه‌وتی و ناوخۆی هه‌رێم بكرێته بابه‌تی سه‌ره‌كی دانوستانه‌كان، به‌وته‌ی به‌شێك له‌په‌رله‌مانتارانی شیعه له‌په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌وان هێشتا نازانن داهاتی نا نه‌وتی هه‌رێم چه‌نده.
ئه‌ندامه‌كه‌ی هاوپه‌یمانی سائیروون ڕه‌تیشیكردووه‌ته‌وه تا ئێستا له‌سه‌ر پشكی هه‌رێمی كوردستان به‌غدا و هه‌ولێر گه‌یشتبنه ڕێككه‌وتن.