پۆڵەتیك پرێس
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا دەكات دەسەڵاتدارانی ئێران زەینەب جەلالیان ئازاد بكات، كە ئێستا بەهۆی توشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆناوە رەوشی تەندروستی تێكچووە.
رێكخراوەكە لە نامەیەكیدا كە ئاڕاستەی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێرانی كردووە تێیدا داوا دەكات، دەستبەجێ زەینەب جەلالیان ئازاد بكرێت، كە ئێستا سەرەڕای خراپی دۆخی تەندروستی، بەڵام هێشتا لەم زیندان بۆ ئەو زیندان گواستنەوەی پێدەكرێت.
لەنامەكەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە، زەینەب جەلالیان توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووەو روبەڕووی ئەشكەنجەیەكی زۆر بوەتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، هەوڵدەدەرێت لە ژێر فشارو ئەشكەنجەدا ڤیدیۆ بە زەینەب جەلالیان تۆمار بكرێت تاوەكو دان بەو تۆمەتانەدا بنێت كە ئاڕاستەیان كردووە، هاوكات هەڕەشەی ئەوەی لێكراوە كە دەست سێكسی دەكەنە سەری.
زەینەب جەلالیان ساڵی 1983 لە شاری ماكۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە، لە ساڵی 2007 لە بازگەی قازانچی نێوان شارەكانی سنە – كرماشان بەتۆمەتی ئەندامبوونی لە پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی ئێرانەوە دەستگیر كرا.
دوو ساڵ دوای دەستگیركردنی بەتۆمەتی دژایەتیكردنی ئاینی ئیسلام سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، پاشان بەهۆی فشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكانەوە دادگا سزاكەی لە لەسێدارەدانەوە بۆ سزای زیندانی هەتا هەتایی دەگۆڕێت.