پۆڵه‌تیك پرێس:
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌فته‌ی داهاتوو جارێكی دیكه شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كاته‌وه، هاوكات باس له‌مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆی سلێمانی له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كات.
دیار ته‌یب، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی و هاوكات ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌په‌رله‌مانی عێراق به پۆڵه‌تیك پرێس-ی ڕاگه‌یاند، نیه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێككه‌وتنه، “به‌ڵام نه‌ك ئه‌و ڕێككه‌وتنه هه‌رێم بخاته مه‌ترسییه‌وه”.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری پشتبه‌ستن به سوننه‌كان بۆ دروستكردنی كۆده‌نگی به‌رامبه‌ر پشكی هه‌رێم له‌پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق باسی له‌وه‌كرد، “ناكرێت پشت به‌سوننه‌كان ببه‌سترێت، پێگه‌ی ئه‌وان لاواز بووه و ئێستا به‌شێكی ناوچه‌كانیان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حه‌شدی شه‌عبیدایه، بۆیه ئه‌وان خه‌می خۆیانه و نایانه‌وێت له‌گه‌ڵ كورد هاوپه‌یمانێتی دروستبكه‌ن”.
دیار ته‌یب باسی له‌دابه‌شبوونی لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق له‌نێوان دوو به‌ره‌دا كرد كه بریتین له‌به‌ره‌ی سه‌در و به‌ره‌ی نوری مالكی، ململانێی ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌شی به زیان بۆ هه‌رێمی كوردستان ناوبرد.
ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری مامه‌ڵه‌ی پارێزگای سلێمانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی له‌گه‌ری ڕێكنه‌كه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا دیار ته‌یب وتی “ئه‌وه بانگه‌شه‌ی لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمن و تا ئێستا له‌سه‌ر ئاستی باڵا نه یه‌كێتی نه گۆڕان باسیان له مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌كردووه”.
به‌وته‌ی ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی عێراق، هه‌فته‌ی داهاتوو جارێكی دیكه شاندی دانوستانكاری هه‌رێمی كوردستان بۆ درێژه‌دان به كۆبوونه‌وه سیاسی و حكومییه‌كان سه‌ردانی شاری به‌غدا ده‌كاته‌وه.