توركیا و گۆڕانی دۆخی ناوچەكە

هاوڕێیان هەموو سەرنجەكانم خوێندەوە. ئەو سەرنجانەی كە دەڵێت توركیا گرنگە لە ڕوی جیوپۆلەتیكییەوە، بێگومان وەهایە، ئەم دیدە بە تایبەتی لە ناو نەوە كۆنە دیپلۆماتەكاندا باوە، كە دەوڵەتگەران. ئەم خەڵكانە وەها دەبینن كە دەوڵەت لە گەڵ دەوڵەتدا دەبێت مامەڵە بكات و هەموو ئەوەی لە نێوان دەوڵەتدایە دەبێت وەك ئامرازی دەوڵەت یان بۆ سودی دەوڵەت بەكاربێت. جەیمس جێفری سەر بەم قوتابخانەیە بوو، كە بڕوای وەهابوو ئەمریكا دەتوانێت كورد بكاتە دیارییەك بۆ تورك، لە پێناو هاوپەیمانێتی لە گەڵ ئەمریكادا دژ بە ئێران.

ئەم دیدە دەوڵەتگەراییە، دیدێكی باوە، هەندێك كورد دژ بە كوردیش بەكاری دەهێنن لە باشور. ئەمە بە باڵاوەرگرتنی دەوڵەتە لە سەروی مرۆڤەوە. توركیا یەكێكە لە هەرە دەوڵەتگەرا سیستەمەكانی ناوچەكە.

بەڵام دەوڵەتی توركی گۆرانكاری بە سەردا دێت و هەروەها ناوچەكەش گۆڕانكاری بە سەردا دێت.

نوخبەی سیاسی باڵا لە ئەنقەرە، وەها بیر دەكەنەوە كە دەتوانن لە ناتۆ و چین و ڕوسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاش سودمەندبن. پاڵنەری ئەم دیدە ئەوەیە كە ڕۆژئاوا بەرەو لاوازی دەچێت، ئەوان نابێت تەنها بەشێك بن لێی بەڵكو دەتوانن بەشێكی سەربەخۆبن. هەندێك ئەمە وەها دەبینن كە توركیا وەك فەرەنسا پاشخانێكی ئیمپراتۆری هەیە و هەرگیز هەموو هێلكەكانی ناخاتە سەبەتەی هیچ كەسێكەوە.

ئەم خواستی جیاوازبونی توركیایە پاڵنەری ناوەوەشی هەیە كە زاڵبونی ئیسلامی توركی و ئیخوانییە بە تێكەڵ بونی لە گەڵ ناسیونالیزمی دەوڵەتی توركیدا. هەموو ئەمانە پێكەوە پاڵنەری ئەوەن كە دژە ئەمریكایی و دژە ڕۆژئاوایی بڕەوی زۆری هەبێت. هەروەها بە نۆژەنكردنەوەی كۆدەردی سیڤەر، توركەكان وەها بیربكەنەوە كە ڕۆژئاوا بە هاوكاری كورد دەیەوێت وڵاتەكەیان لێبسێنێت.

هەموو ئەمانە بە باشی دەچنە خانەی دیدەكانی ئەردۆگانەوە كە كەسێكی دژە مافی مرۆڤ و دژە دیموكراسی و دژە ئازادی و دژە مرۆڤە. ئەردۆگان وەها بیردەكاتەوە كە ڕۆژئاوا دژی ئەون، ئەویش تەنها دەیەوێت پەیوەندی ئابوری و بازرگانی هەبێت لە گەڵیاندا، نەك پەیوەندی كەلتوریی و شارستانی.

ئەم ڕەوەتە تەبایە لە گەڵ ڕەوتی چینی و ڕوسیدا. لە توركیا ڕەوتی ئۆراسیایی زیاتر و زیاتر بەهێزدەبێت. لە هەمانكاتدا ئەم دیدەی توركیا بۆ خۆی كە وەها دەبینێت وڵاتێكی ستراتیژییە و بەدیلی نیە، وەهای لە توركیا كردوە كە سەركێشی بكات و وەها بیربكاتەوە لە ئەنجامدا ڕۆژئاوا ناچارە سازشی بۆ بكات.

بەڵام دۆخەكە لە گۆڕاندایە
یەكەم، ڕێككەوتنی سونە و ئیسرائیل دەبێتە هۆكاری دروستبونی جەمسەرێكی بەهێز لە ناوچەكە. ئەم جەمسەرە دەبێتە جێگرەوەی جەمسەری عەرەبی كە لە ڕابوردودا میسر و عێراق ئەو ڕۆڵەیان دەبینی. ئەم جەمسەرە ڕكەبەری ئێران و توركیا دەبێت لە ناوچەكەدا. ئەمەش كاریگەری دەبێت لە سەر جۆری پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و توركیا. چیدی توركیا تەنها وڵاتی گرنگی ناوچەكە نیە كە پەیوەندی لە گەڵ ئیسرائیلدا هەبێت.

دیارە ئەمە نابێتە هۆكاری كۆتایی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و توركیا، بەڵام گۆڕانكاری بە سەردا دێت. بێبایەخ بونی توركیا بۆ ئیسرائیل، كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لە سەر پەیوەندی نێوان ئەمریكا و توركیا، چونكە زۆرجار ئیسرائیل دەروازەی توركیایە بۆ ئەمریكا. بە هۆی ئامادەیی بەهێزی ئیسرائیل لە ئەمریكا. لە دیدی كوردەوە ئەمە گرنگە، چونكە بۆ ئیسرائیل كوردیش بە بەیاخە، نەك هەر تورك. ئەمە مەسەلەی پەیوەندی و دۆستایەتی نیە، بەڵكو هاوسەنگی هێز و جیوپۆلەتیكە.

دووەم، ئەمریكا ناتوانێت وەك جاران پشت بە توركیا ببەستێت، چونكە نە توركیا هاوكارە و لە هەمانكاتدا ئەگەری هەیە كە توركیا بە هۆی نزیكی لە گەڵ ڕوسیا نەتوانێت زۆر هاوكاربێت و هەروەها زانیارییە هەستیارەكان بگاتە دەست ڕوسەكان، بە تایبەتی لە بواری تەكنەلۆجی و سەربازی و ئینتلیجینسیادا.
لە هەمانكاتدا ئەمریكا وەك جاران پەیوەست نیە بە بنكە و خاكەوە، هەتا بێت زیاتر و زیاتر ئاسمان و ئاو بەكاردەبات. لەم ڕوەوە توركیا بێبەدیل نیە. ئەمەش وەها دەكات كە یونان بتوانێت ڕۆڵێكی باش ببینێت لە خزمەتكردنی ئاسایشی ئەمریكا لە ناوچەكە.

ئەردۆگان لە هەوڵی ئەوەدایە كە پەیوەندی لە گەڵ ئەوروپا و ئەمریكادا باش بكات بەڵام بە مەرجی خۆی. دانانی كەسێكی وەك مورات مەرجان بە باڵوێزی نوێی ئەمریكا لە واشنتۆن ئاماژەیە كە ئەردۆگان دەیەوێت ئەو پەیوەندییە ڕاستەوخۆ و شەخسی بێت، چونكە مورات لە دەستەی دامەزرێنەری حیزبەكەی ئەردۆگانە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە لە گەڵ ئەودا. هەرەچەندە جاران لە گویلەوە نزیك بوو. دیارە حكومەتی ئاك پارتی باوەڕیان بە دەزگای دیپلۆماسی توركی نیە و هەروەها لە گەڵ مۆدێلی دیپلۆماسی تەقلیدیدا تەبانین. بەڵام ئیدارەی ئەمریكی نوێ ئەوەندە دۆستە توركی تیادانیە. جگە لە خانمێك بە ناوی ئەماندا سلۆت، كە لە بروكینز بوو، ئێستا لە وەزارەتی دەرەوە لە بەشی باشوری ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست كاردەكات، كە وەها دەبینرێت تێگەیشتنی هەیە بۆ دۆخی توركیا، كەسی تر نیە دۆستە تورك بێت.

بەڵام هەندێك هەن لە ئەمریكا توركیا هاندەدەن كە ئەم ڕۆڵەی ئێستای ببینێت لە سەروی هەمویانەوە جۆرج فریدمان كە جاران لە ستراتفۆرد بوو ئێستا جیوپۆلەتیك فیوچەری هەیە. ئەم لە زیاتر لە شوێنێك تیوریزەی بونی توركیای بە هێزێكی ئیقلیمی كردوەو وەها هانی توركیا دەدات كە دەتوانێت دەست بە سەر بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەروبەری خۆیدا بگرێت، چونكە وڵاتانی دەوروبەری زۆربەیان شكستیان هێناوە. جۆرج زوو زوو لە توركیایە.

بۆ ئەوەی مەبەستەكەمان ڕون بێت، كاتێك توركیا ڕێگای بە ئەمریكا نەدا خاكەكەی بەكاربهێنێت بۆ هاتن بۆ عێراق لە ٢٠٠٣، ئەمریكا چی كرد، بە دوای بەدیلی تر گەڕا. ئیستاش هەمان دۆخە.

سەردار عەزیز

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا