داوا لە كازمی دەكرێت كار بۆ ئازادكردنی دەستگیركراوانی بادینان بكات

پۆڵەتیك پرێس

هاوپەیمانی هیوای كوردستان داوا لە سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكات هەوڵەكانی بۆ ئازادكردنی زیندانیەكانی دهۆك و بادینان بخاتەگەڕ كە لە پێناوی ئازادیی رادەڕبرین چەندین مانگە خراونەتە زیندانەوە و ژیان و سەلامەتیان لە مەترسیدایە.

هاوپەیمانی هیوای كوردستان كە لە 15 پەرلەمانتاری كوردی پەرلەمانی عێراق پێكدێن لە راگەیەنراوێكدا ئاماژە بەوەدەكەن، لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبونەتەوەو تاوتوێی چەندین پرسی تایبەت بە هەرێم و ناوەندیان كردووە.

دەشڵێن، “لەو كۆبونەوەیەدا چەندین تەوەری هەستیار و گرنگی تایبەت بە عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی گفتوگۆ كران، لەوانە پرسی گۆڕینی پەیوەندیی نێوان هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی بۆ پەیوەندیی هاوكاری و تەواوكاری دیدی هاوبەشی هەردولا”.

ئاماژەیان بەوەشكردووە، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە بایەخەوە كاركردنی هاوپەیمانیی هیوای كوردستانیی بەرز نرخاند و رایگەیاندووە، لە پێناوی دژایەتیكردنی گەندەڵی و داكۆكیكردن لە بەرژوەندیی هاوڵاتیان هەماهەنگ و پشتیوانی یەكتری دەبن.

هاوكات هاوپەیمانی هیوای كوردستان داوایان لە كازمی كردووە هەوڵەكانی خۆی بۆ ئازادكردنی دەستگیركراوانی سنوری بادینان بخاتەگەڕن كە چەندین مانگە بەهۆی بانگەشەكردن بۆ خۆپیشاندان دژی نەبوونی موچە لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی دەڤەری بادینانەوە دەستگیركراون و ژیانیان كەوتوەتە مەترسییەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا