پۆڵەتیك پرێس
لێژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی كوردستان بەدواداچوون بۆ كێشە ژینگەییەكانی هەرێم و دەستەی ژینگە دەكات كە ئێستا بەدەست چەندین كێشەو گیروگرفتەوە دەناڵێنێت.
شنۆ ئەشقی سورچی ئەندامی لێژنەی تەندروستی و ژینگەو مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ گرفتە ژینگەییەكان لیژنەكەیان سەردانی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەیان كردوەو لە نزیكەوە لەگەڵ بەرپرسانی دەستەكە تاوتوێی گرفتە ژینگەییەكانیان كردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بوونی كەموكورتی زۆر لە یاساكانی تایبەت بە دەستەی ژینگەو كەمكردنەوەی بودجەكەیان گرفتی زۆر ئیداری بۆ دەستەی ژینگە دروست كردووەن بەجۆرێك بووەتە هۆی سستبونی كارەكانیان.
شنۆ ئەشقی باسی لەوەشكرد، لە سەردانەكەیاندا بۆیان دەركەوتووە حكومەت بە سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەكانیەوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكانیان پرس بە دەستەی ژینگە ناكەن و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و میزاج بووە كارەكانیان كردووە.
دەشڵێت، ” ئەو گرفتانە بوونەتە هۆكاری ئەوەی رێژەی سەوزایی لەهەرێمی كوردستان ٪١٢٫٤٣ كە دەبوو ٪٢٥ بوایە وە لەساڵی ٢٠١٠ تاوەكو ئێستا زیاتر لە یەك ملیۆن و دوو سەدو چل هەزار دۆنم زەوی سوتان و رۆژ لەدوای رۆژ ژینگەی كوردستان لەپاشەكشە دایە”.