پۆڵەتیك پرێس
بەشێك لە مامۆستایانی ناڕازیی رایانگەیاند، تاوەكو سەرجەم ماف و شایستە داراییەكانیان بۆ دابین نەكرێت، هەر بڕیارێك بۆ كردنەوەی دەوام بدرێت ئەوان پابەندی نابن و بایكۆتی دەكەن.
نوێنەری مامۆستایانی ناڕازیی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەئێستادا حكومەت دەیەوێت دەست بەپرۆسەی خوێندن بكرێتەوە، بەڵام تاوەكو داواكارییەكانیان بۆ جێبەجێنەكرێت ئەوان ئامادەنین دەوام بكەن.
داواكارییەكانی مامۆستایانی ناڕازیی خۆی لەدابینكردنی موچە بۆ هەر 30 رۆژ جارێك و دەستپێكردنەوەی بەرزكردنەوەی پلەی مامۆستایان و گەڕانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكانیان دەبینێتەوە.
هاوكات داوا دەكەن، داواكاری مامۆستایانی وانەبێژ جێبەجێ بكرێت و مامۆستا بەدەل بەرواری و دەستگیركراوەكانی دیكەی سنوری بادینانیش ئازاد بكرێت.
مامۆستایانی ناڕازیی رایانگەیاند، ئەگەر ئەو داواكارییانەیان جێبەجێ نەكرێت ئەوا بایكۆتی پرۆسەی خوێندن دەكەن.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لیژنەی باڵای روبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێم لە كۆبونەوەدان و بەپێی زانیارییەكانیش، ئەگەر هەیە بەگرتنەبەری چەند رێوشوێنێك لە هەفتەی داهاتووەوە دەركای قوتابخانەكان بكرێنەوە.